"هەڵبژاردن لە وادەیەک ئەنجامبدرێت کە گونجاوبێت بۆ هەموو لایەنە سیاسی و پێکهاتەکان"

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" پێویستە هەڵبژاردنی هەرێم لە وادەیەک ئەنجامبدرێت کە گونجاوبێت بۆ هەموو لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی هەرێم". 

دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمشەو یەکشەممە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیاکانی راگەیاند" سەرۆکی هەرێم کۆمەلێک پرسی گرنگی پەیوەست بە داهاتوی هەرێم لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان باسکردوە، هەروەها هەڵسەنگاندنی بۆ سەردانی محەمەد شیاع سودانی بۆ ئەمریکا و سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغن سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق کردووە". 

دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی شایستەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەری کۆتایی مووچە لە گرنگترین بابەتەکانی کۆبونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی بووە لەگەڵ لایەنە سیاسی و دامەزراوە عێراقییەکان. 

ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی عێراق پێیان گرنگە موچەی فەرمانبەران لە رێگەی سیستمی بانکییەوە دابەشبکرێت، لە ئێستاشدا گفتوگۆ لەو بارەیەوە هەیە و پرسی دابەشکردنی موچەش چارەسەر دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، بانکەکانی هەرێم مۆڵەتی بانکی ناوەندییان هەیە و پرۆسەی بەبانکیکردن لە هەرێم و عێراق جیاوازی نییە. 

ڕاشیگەیاند" تەواوی لایەنە سیاسییە عێراقییەکان گرنگی بە هەڵبژاردنی هەرێم دەدەن، تێروانینی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەو پرسە ئەوەیە کە هەڵبژاردنێک بکرێت هەموو پێکهاتەکان تێیدا بەشداربن، هەستکردن بە ناسکی ئەم قۆناغەی هەرێم لە دواخستن یان وادەیەکی دیاریکراوی هەڵبژاردن گرنگترە".


PM:10:01:28/04/2024