عێراق.. لە کاتژمێریکدا ١٠ خێزان هەڵدەوەشێنەوە

لە ساڵیادی ڕۆژی جیهانی خێزان، ئاماری هەڵوەشانەوەی خێزانەکان لە عێراق بڵاودەکرێنەوە، کە لە کاتژمێریکدا ١٠ خێزان هەڵدەوەشێنەوە.

بەپێی ئەو بڕیارنامەیەی کە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩٣دا دەریکردووە، لە ١٥ی ئایاری هەموو ساڵێکدا ڕۆژی جیهانی خێزان دەکرێتەوە، ئەمەش بۆ باشترکردنی پرسەکانی پەیوەست بە خێزانەکان و زیادکردنی زانیاری لەسەر پرۆسەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دیمۆگرافییەکانە.

وێڕای ئەوەی خێزان بەردی بناغەی کۆمەڵگەیە لە عێراق و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان گرنگییان پێدەدرێت، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی جیابوونەوە زیادی کردووە و خێزانەکان هەڵدەوەشێنەوە، ئەمەش پێویستە تیشکی بخرێتە سەر ئەم دیاردە مەترسیدارەی کە کۆمەڵگاکە دەخاتە مەترسییەوە.

تەنها لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ٧٠ هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە عێراق تۆمارکراوە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا نزیکەی ٦٥هەزار حاڵەت تۆمارکراوە، لە ماوەی دەیەی نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٤ لە هەر پێنج هاوسەرگیرییەک یەکێکیان بە جیابوونەوە کۆتایی هاتووە و لە هەمان ماوەدا ٥١٦ هەزار و ٧٨٤ حاڵەتی جیابوونەوە لە کۆی ٢.٦ ملیۆن هاوسەرگیری تۆمار کراوە.

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، لە عێراق ١٠ حاڵەتی جیابوونەوە لە کاتژمێرێکدا تۆمار کراوە، ئەمەش بە ئامارێکی مەترسیدار دادەنرێت، هاوکات مانگی ئازاریش زیاتر لە ٢٠٠حاڵەتی جیابوونەوە لە ڕۆژێکدا تۆمارکراوە.

بەپێی داتاکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بەرزبوونەوەی ئەم ڕێژانە بەهۆی چەندین هۆکارەوەیە، لەوانە هاوسەرگیری پێشوەختە و ئەو بارودۆخە ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە هاوسەرەکان تووشیان بووە.


PM:07:47:15/05/2024