فرمێسك ئەلبومێكی نوێ بەناوی خۆیەوە بڵاودەكاتەوە

بڕیارە بەمزوانە هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد فرمێسك حافز، نوێترین ئەلبومی خۆی بە ناوی (فرمێسک) بڵاوبکاتەوە. 

فرمێسك لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام پۆستەرێکی ئەلبومە تازەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بە نوێترین ئەلبومی خۆی دەکات بە ناوی (فرمێسک) كە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا پێشکەشی هەوادار و بیسەرەکانی بکات. 

ئەمەش لە كاتێكدایە ئەو خانمە گۆرانیبێژە، لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا کە هاوکات بوو لە ساڵیادی کوشتنی (ژینا ئەمینی) به‌رهه‌مێكی نوێی هونەری خۆی بە ناوی (فرمێسک) بڵاوکردەوە كە لە تێكست رەنج سەنگاوی و ئاوازی بورهانی موفتیزادە بوو، هەروەها حسام یوسفی کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجامدا بوو. 

فرمێسک خەڵکی شاری مەهاباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، خاوەنی چەندین گۆرانی و کلیپە، دوای بڵاوکردنەوەی کلیپی یەکەمی بە ناوی (مەی) توانی هەوادارێکی زۆر بەدەستبهێنێت و دواتریش چەندین بەرهەم و ڤیدیۆ کلیپی دیکەی بڵاوکردەوە.


AM:11:35:17/05/2024