بەهۆی گیان لەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی و هاوڕێکانی، سەرۆکی یەکێتی وجێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم پرسەنامەیەک ئاڕاستەی ئێران دەکات و دەڵێت" گیان لەدەستدانی سەرۆک کۆمار و هاوڕێکانی، کۆستێکی گەورەیە بۆ گەل و حکومەتی ئێران لە دڵەوە نیگەران و خەمباری کردین".
ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی ڕاگەیاند و تییدا هاتووە" بە دڵتەنگیی و خەمێکی قووڵەوە پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی جەنابی عەلی خامەنەیی، ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، گەل و سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دۆست دەکەم بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران و خوالێخۆشبوو حسێن ئهمیر عهبدوڵڵاهیان، وهزیری دهرهوه و یاوەرانی، و لەم ساتە سەختەدا دڵمان لای گەل و سەرکردایەتی باڵای ئێرانە و هاوبەشی خەمیانین کە دڵنیام بەسەر ئەم کارەساتەشدا زاڵدەبن".
هەر بەبۆنەی گیانلەدەستدانی سەرۆک کۆماری ئێران قوباد تاڵەبانی، جێگری( ماوە بۆ درێژکراوەی) سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پرسەنامەیەک ئاڕاستەی گەلی ئێران دەکات و ڕایگەیاند" گیان لەدەستدانی جەنابی سەید ئیبراهیمی ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و جەنابی حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوە و هاوڕێکانیان لە ڕووداوی کەوتنە خوارەی هەلیکۆپتەردا، کۆستێکی گەورەیە بۆ گەل و حکومەتی ئێران و لە دڵەوە نیگەران و خەمباری کردین".
ئاماژەی بەوەکرد، ئێران وڵاتێکی گەورە و بەهێزە و بەسەر ئەم کۆستە قورسەدا زاڵ دەبێت، بەم بۆنە دڵتەزێنەوە، هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ بەڕێز جەنابی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی، حکومەت و گەلی ئێران دەردەبڕین. داواکارین خودای گەورە ئارامی و سەبورییان پێ ببەخشێت، ئەم رۆژە سەختانە تێپەڕێنن و بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەنگاوبنێن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەواڵی گیانلەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی ئێران و یاوەرەکانی ڕاگەیەندرا کە دوێنێ هەلیکۆپتەرەکەیان لە تەورێز تێکشکا.