شانۆیی ماڵی زەیتوون نمایش دەکرێت

لە سەرەتایی مانگی داهاتوو شانۆیی (ماڵی زەیتوون) لە ستۆکهۆڵم نمایش دەکرێت کە بۆماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت. 

شانۆیی (ماڵی زەیتوون) لە نوسینی (زاهیر عەبەڕەش، لاسێ فرانس، عادل ئەحمەد)ە و لە دەرهێنان و دراماتورگی (زاهیر عەبەڕەش)ە کە لە ڕۆژانی ٥، ٦، ٧، ٨ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە شاری ستۆکهۆڵم بە زمانی سویدی لەسەر شانۆی (Teaterverket Svea) نمایش دەکرێت، هەروەها هەریەک لە (لاسی فرانسێن، عادل ئەحمەد و لۆتە نوێید) وەک ئەکتەر ڕۆڵی شانۆییەکە دەگێڕن. 

شانۆییەکە باس لە ژیان و ڕەوشی دووکەس دەکات لە خەڵوەتگایی پیری کە دوا مەنزگڵگای ژیانیانە، یەکێکیان کورد و ئەویتریان سویدی کە دوو کولتور و فەرهەنگ و بارگروندی جیاوازیان هەیە.

فاتو کە ئەویش کارگوزارێکە لەوێ کار دەکات، ئەویش چیرۆکێکی خۆی هەیە، ناکۆکیەکانی ئەو دوو کەسە بە ساڵاچووە بەرێوە دەبات،  سەرەتا بە کۆنفلیکت و دژیایەتی یەکتر دەست پێ دەکات، پاش تێپەڕبوونی کات دوای ئەوەی کارەکتەری لێنارد دەکەوێت و ئازاری پیدەگات، کارەکتەری دووەم هاوکاری دەکات ئیدی یەکتر قبوڵ دەکەن و پەیوەندیەیەکی بەهێز لە نێوانیان دروست دەبێت، ئەوەش کار دەکاتە گۆڕانی سەر دیدی و بۆچوونیان. چونکێ مرۆڤ لە بەدەنگ هاتنی یەکتری و هاوکاری دا پەیوەندی دروست دەکات، مرڤ ئەگەر پێویستی بەیەکتر بوو ڕایەڵکی کۆمەڵایەتی نزیک بەیکیانەوە دەبەستێتەوە. 

زاهیری عەبەڕەش دەڵێت لە وتەی پرۆگرامەکەیدا دەڵێت" 
ئێستای تەمەنم، لە باوکم و دایکم گەورەترم کە ئەوان مردن، زۆر جار بیرم دەکردەوە دەبێت باوک و دایکم چ بۆچونێکیان هەبێت لەبارەی ژیان، خۆشەویستی، سێکس و ئەو جەنگەی کە بەردەوام هەبوو بۆ قەلاچۆکردنیان وەک کورد". 

دەشڵێت" بە چاوی ئەوسام وامدەزانی کە ئیتر دایک و باوکم بۆ ژیان  و خەبات کردن دەست نادات، هەستم بە نامۆ بوون دەکرد بەرامبەریان، چونکە گەورە بوون. ئێستا بیر دەکەمەوە کە من چەند هەڵە بووم، مرۆڤ تا تەمەنی هەڵکشێت هەست و سۆزەکانی زیاتر دەبن. ئارامتر لە ژیان دەڕوانن، ژیانیان زیاتر خۆشتر دەوێت". 

ئاماژەی بەوەش دەکات، لەم شانۆییەدا دەیەوێت، بەهۆی ئەو سێ کارەکتەرە فەرهەنگ جیاوازەوە جەخت لەو بۆشاییەو نادڵنیایە بکاتەوە لە نێوان کلتورەکاندا هەیە، تیشک بخاتە سەری، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا ئەوە گەروترین هەڕەشە لەسەر ئێمەیە وەک مرۆڤ، چونکە گەر مرۆڤەكان نەتوانن متمانە بە یەكتری بكەن، ئیدی ناتوانن پێكەوە هەڵبكەن، بەبێ ئەمەش شارستانیەتەكان هەڵدەوەشێنەوە. لە نووسینی ئەم تێکستەدا بیرم کردەوە جارێکی تر بگەڕێمەوە لای دایک و باوکم، خۆم بخەمەوە بەرگی ئەوان، ئەو زەمەنەی ئەوان کە دید و بۆچوونیان بۆ ژیان چۆن بووە هەم باس کێشەکانی ئێستای ئەم وڵاتەی تێیدا دەژیم بکەم. خۆشبەختانە توانیم لە نووسینی ئەم تێکستەشدا بە بەشدارێکی سەرەکی بم، هەروەها  کاری دەرهێنان و دراماتۆرگی بۆ بکەم. لەم تێکستەدا دەمەوێت بڵێم پێویستمان بە پەیوەندی و دڵنیایی هەیە. مرۆڤ بە دیدی من تەنها خاڵێکه  وسفرە و هیچی تر، هیچ سوبجێکتێکی نییە ئەگەر لە پەیوەندیدا نەبێت. تۆ لە ماڵێکدا تەنها وەک مێز، کورسی و ئوبێکتی ماڵەکەتی، ئەی کەی دەبیت بە مرۆڤ؟ بێگومان ئەو کاتەی لە پەیوەندیدا بیت. شانۆییەکە فۆرمێکی، کۆمیدی، تراژیدی و ئەبسوردی هەیە، جەخت لەو کیشانەش دەکات کە لە ئێستای کۆمەڵگەی سویدیدا هەیە لەگەڵ بیرکدنەوەیەکی قوڵ لە مەرگ. 


PM:12:58:27/05/2024