ژمارەیەک لە دوکاندارەکانی گەڕەکی هوانە گردبوونەوە

ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بەشێک لە دوکاندارەکانی گەڕەکی هوانە لە بەردەم شارەوانی سلێمانی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا، بەرامبەر بە زیادکردنی کرێ دوکانەکانیان.

ئاسۆ عەلی نوێنەری خۆپیشاندەران، ئەمڕۆ لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ماوەی سێ ساڵە نزیکەی دوو هەزار خاوەن دوکان لە پیشەی جیاجیا بەدەست کێشەی زیادکردنی کرێی دوکان دەناڵێنن". 

وتیشی" پێشتر کرێی دوکان ٥٠٠ دینار بوو بۆ هەر مەترێک، ئێستاش گەیشتووەتە ٤ هەزار دینار بۆ هەر مەترێک کە ئەمەش زیادکردنێکی زۆر گەورەیە". 

ڕاشیگەیاند" ماوەی سێ ساڵە پەیوەندیمان لەگەڵ دەسەڵاتی فەرمیدا هەیە، جگە لە بەڵێن هیچ چارەسەرێک نییە، لەگەڵ ڕاوێژکاری جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووینەوە و بەڵێنیاندا دەنگی ئێمە بگەیەنن بە قوباد تاڵەبانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو پرسە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، جوڵەی بازاڕ لەگەڵ ئەم کرێ و ڕسوماتەدا ناگونجێت.

هەروەها داواشی قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی کرد دەستوەردانی جددی بکەن و دەستبەجێ بەدواداچوون بۆ ئەو ڕێنمایی و بڕیارانە بکەن کە لەلایەن ئەوانەوە دەرچووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو جۆرە کێشانە کە دەبنە قوربانی نزیکەی ٢٠ هەزار هاوڵاتی.

کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە لەم لینکەوە ببینە


PM:01:06:11/06/2024