ئەستێرەی دۆرتمۆند لە یۆرۆ جێگەی دی یۆنگ دەگرێتەوە

هەڵبژاردەی هۆڵەندا لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا گورزێکی سەختی بەرکەوت، دوای ئەوەی فرێنکی دی یۆنگی یاریزانی هێڵی ناوەڕاست لە لیستی ئەو یاریزانانە دوورخرایەوە کە خۆیان بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکانی یۆرۆ کە ئەڵمانیا میوانداری دەکات، بەهۆی نەبوونی ئامادەیی جەستەییەوەو پێکان لە پاژنەی پێی.


 بەگوێرەی کەناڵی "سکای ئەڵمانیا"، یان ماتسن، بەرگریکاری یانەی بروسیا دۆرتمۆند شوێنی ئامادەنەبوونی دی یۆنگ دەگرێتەوە، بەو پێیەی ڕۆژی سێشەممە پەیوەندی بە هەڵبژاردەی هۆڵەندا دەکات.

 ماتسن کە بە خواستن لە یانەی چێڵسی بۆ دۆرتمۆند وەرگیراوە، چاوی لەوەیە یەکەم یاری نێودەوڵەتی خۆی  ئەنجام بدات، بەو پێیەی پێشتر 17 یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی ژێر 21 ساڵانی هۆڵەندا ئەنجامداوە.

 ماتسن لەماوەی ئەو وەرزەدا کە لە نێوان چێڵسی و دۆرتمۆند کۆتایی هات، لە 38 یاریدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداری کرد، هەروەها سەرکەوتوو بوو لە تۆمارکردنی 3 گۆڵ و هاوکاریکردنی دوو گۆڵی دیکە.

 هۆڵەندا لە کۆمەڵەی چوارەمی یۆرۆدایە، شانبەشانی پۆڵەندا، نەمسا و فەرەنسا، دەستپێکی پاڵەوانێتییەکەی بە ڕووبەڕووبوونەوەی پۆڵەندا لە 16ی حوزەیران دەستپێدەکات.


PM:01:30:11/06/2024