ژوری بازرگانی سلێمانی دەیەمین پێشانگای نێودەوڵەتی دەكاتەوە

لەكاتێكدا بەهۆی جەنگی دژە تیرۆر و دروستبونی قەیرانی دارایی و ئەمنییەوە جگە لە پێشانگای نێودەوڵەتی بەغدا نەتوانراوە هیچ پێشانگایەكی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمدا بكرێتەوە، ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیش وەك بەرهەڵستییەك بۆ تیرۆریستان و نەیارانی هەرێم پێشانگای سلێمانی نێودەوڵەتی دەیەم لە شاری سلێمانی دەكاتەوە.

 ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت لە 14 بۆ 17 -11-2014 پێشانگای سلێمانی نێودەوڵەتی دەیەم بە بەشداری ژمارەیەك لە كۆمپانیاكانی وڵاتانی جیهان دەكاتەوە .

ژوری بازرگانی سلێمانی جەخت لەوەشدەكاتەوە كە بەشداری وڵاتانی جیهان لە پێشانگاكەدا بەهێزتر بون و پێگە و پەیوەندی هەرێم لەسەر ئاستی جیهان نیشاندەدات ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلیمانی ئاماژە بەوەشدەكات، هەرێمی كوردستان و شاری سلێمانی ئەمنیەتی پارێزراوە و هەموو كۆمپانیایەكی جیهانی دەتوانن بە دڵنیای و پارێزیەوە بێنە شاری سلێمانی و بەشداری لە پێشانگاكەدا بكەن.

بەمەبەستی زیاتر ئاگاداربون لەشێوازی كردنەوە و بەڕێوەچونی پێشانگای سلێمانی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ سێشەممە 28/10/2014 لە ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی یاسین ڕەحیم جێگری یەكەمی ژوری بازرگانی و سەرپەرشتیارانی پێشانگاكە لەگەڵ نوێنەرانی بەڕێوەبەرانی فەرمانگە حكومیەكانی شاری سلێمانی كۆبونەوە بەمەبەستی هەماهەنگی زیاتر و بەرەو پێشبردنی كردنەوەی پێشانگاكە كە بڕیارە لە 14/11 تا 17/11 بەردەوام دەبێت. یاسین ڕەحیم لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوەدا" شاری سلێمانی جیاواز لە هەموو شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت عێراقیش پێشانگای سلێمانی نێودەوڵەتی دەیەم دەكاتەوە".
 
وتیشی" لە ئێستادا كە عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە شەڕێكی گەورەی دژ بە تیرۆرستانن، بەڵام ئێمە وەك ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بڕیارمانداوە ئەم جوڵەیە نەوەستێت بەردەوامبێت لەڕوی بازرگانیەوە ئەوە بسەلمێنین كە دەمانەوێت ڕوی بازرگانی بە كۆمپانیاكانی جیهان پیشانبدەین تا بتوانن بەردەوامبن لە كاری بازرگانی و برەودان بە هەرێم و شاری سلێمانی" . لەكۆبونەوەكەدا داوا لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكان كرا كە هاوكاربن لە سەرخست و بەرەو پێشبردنی ئەم پێشانگایە كە ساڵانە ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەیكاتەوە.

پێشانگای سلێمانی نێودەوڵەتی دەیەم لە ڕۆژی 14-17/11/2014 دەكرێتەوە كە تائێستا زیاتر لە 70 كۆمپانیای وڵاتانی جیهان بەشداریان تێداكردووە ڕێژەكەش بەرەو زیاتر دەڕوات.



PM:03:42:28/10/2014