بەپەلە.. داعش بەهەموو هێزی خۆیەوە هێرشی كردەسەر رۆژهەڵاتی كۆبانی

‌كۆبانی

ئێوارەی ئەمرۆ چەكدارانی داعش بە هەموو هێزی خۆیانەوە‌و بەچەكی قورس هێرشیان كردەسەر ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كۆبانی بەتایبەتی خاڵی سنوریی كۆبانی.

لەمبارەیەوە ئاری هەركی هەڵسوڕاوی سیاسی لەنزیك كۆبانییەوە بە سپی میدیای راگەیاند "ئێوارەی ئەمرۆ چەتەكانی داعش بەهەموو هێزی خۆیانەوە‌و بەچەندین جۆری چەكی قورس هێرشیانكردەسەر بەشی رۆژهەڵاتی كۆبانی بەتایبەتی خاڵك سنوریی، بەڵام لەگەڵ بەرخۆدانی سەختی شەڕڤانانی یەپەگە‌و یەپەژە بەرەوڕووبوونەوە".

بەوتەی هەركی، "چەتەكانی داعش هەموو هەوڵی خۆیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە نەچێتە كۆبانی‌و پێش گەیشتنیان تاقە سنوری نێوان باكوری كوردستان‌و كۆبانی بگرن".

بەپێی زانیارییەكان چەكدارانی داعش تەنها 1500 مەتر لەو دەروازەوە دوور بوون كە تاقە دەروازەی كۆبانییە بۆ دەرەوە.

هێرشی ئەمشەوی داعش لەكاتێكدایە كە بڕیارە ئەمشەو یان سبەی هێزەكانی پێشمەرگە بە چەكی قورسەوە بگەنە كۆبانی.

ئاری هەركی ئاماژەی بەوەشدا، كەمێك پێش ئێستا فرۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا ‌و هاوپەیمانان بۆردومانی ناوچەكەیان كرد‌و لەئێستادا كەمێك شەڕەكە هێوربووەتەوە.



PM:09:11:29/10/2014