"فریشتەكەی كۆبانێ" كێیە؟

‌فریشتەكەی كۆبانێ

ئەمە سەردێڕی بابەتێكی ماڵپەڕی (BBC)یە لەسەر كچە شەڕڤانێكی یەپەژە لەكۆبانی كە بەناوی "فریشتەكەی كۆبانێ" لەمیدیا جیهانییەكاندا ناسراو دەنگدانەوەی جیهانیی بوو.

راپۆرتەكە دەنوسێت: هەزاران كەس لەسەرتاسەری جیهان وێنەی "فریشتەكەی كۆبانێ" یان "رێحانە"یان لەتۆڕ كۆمەڵایەتییان شێر كرد. كچە كوردێك كە بوو بەهێمای خۆڕاگری‌و بەرخۆدان لەبەرامبەر گروپی ناسراو بە "دەوڵەتی ئیسلامی".

دەوترێت ئەم كچە گەنجە نزیكەی 100 چەكداری داعشی كوشتووە، بەڵام رەنگە چیرۆكە راستەقینەكە ئەوە نەبێت كە خەڵك دەیزانن.
راپۆرتەكە دەنوسێت هەزاران كەس لە كاربەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وێنەی ئەم كچە كوردەیان لەگەڵ چەندین چیرۆك لە ئازایەتی‌و حەماسەكانی ئەو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك‌و تویتەر بڵاوكردەوە.

بەڵام ئەم وێنە لەكوێیوە هاتووە؟ راستییەكەی ئەوەیە وێنەی ئەم كچە كە ئێستا بەناوی "رێحانە" دەیناسین، رۆژی 22ی ئەگۆست لەكۆبانی گیراووە، واتە چەند مانگ پێش لەوەی ئەم وێنەیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لایەنگرێكی زۆر پەیدا بكات.

ئەو لەو رۆژەدا بە جلوبەرگی سەربازیی لەكۆبوونەوەیەكی هێزە خۆبەخشەكان بەشداری كرد. كارڵ دێرات، رۆژنامەنوسی سویدی لەوكاتەدا تەنیا رۆژنامەنوسی بوو كە لەكۆبانێ بوو‌و پێش لە كۆبوونەوەكە چەند ساتێك لەگەڵ ئەم كچە قسەی كردوە.
رۆژنامەنوسە سویدییەكە دەڵێت ئەم كچە بەهیچ شێوەیەك شەڕڤانێك لە بەرەی پێشەوەی شەڕ نەبوو، بەڵكو لەكاری پاراستن لەناوشار خۆبەخشانە كاری دەكرد‌و لەوەناچێت ژمارەیەك زۆر داعشی كوشتبێت.

بەوتەی رۆژنامەنوسەكە ئەم كچە وتوویەتی ئەو خوێندكاری یاسا لەزانكۆی شاری حەڵەب بووە، بەڵام چەكدارانی داعش باوكیان كوشتووە‌و ئەویش بڕیاریداوە بێتە ریزی شەڕڤانانەوە.
رۆژنامەنوسەكە دەڵێت چەند هەوڵیدا ئەو كچە ناوی خۆی نەدركاند‌و دواتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەناوی رێحانە ناسرا.
تا مانگێك پاش ئەوە ئەم وێنەیە سەرنجی كەسی رانەكێشا، تا ئەوەی كە لەكۆتایی مانگی ئەیلول ماڵپەڕێكی ئینگلیزی كە ناوەندەكەی لەباكوری عێراق ئەو وێنەی  لەتویتەر بڵاوكردەوە‌و لەوكاتەوە بوو كە چەندین چیرۆك دەربارەی ئەم كچە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان باسكرا.

رۆژی 5ی ئۆكتۆبەر، دەنگی كوژرانی ئەم كچە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكرایەوە. ژنێكی كابەری تویتەر لە سعودیە بەناوی "رەغد فەیسڵ" كە زیاتر لە 200 هەزار شوێنكەوتووی هەیە، وێنەی ئەو كچەی بڵاوكردەوە‌و نوسی كە لەلایەن داعشەوە سەری بڕدراوە.
رۆژی 10 ئۆكتۆبر، كابەرێكی تویتەر بەناوی "سوپای كورستان" یەكێك لەو كەسانە بوو كە وێنەی ئەم كچە رووخۆشەی لەتەنیشت وێنەیەكی سەربڕین بڵاوكردەوە. پاش ئەوەی دەنگۆكان بەخێرایی لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بڵاوبووەوە.

سەرەڕای ئەوەی زۆركەس دەیانوت ئەم كچە كوژراوە، لە رۆژی 13ی ئۆكتۆبرەوە ناوی لێنرا "رێحانە"‌و تا ئێستاش ئەم ناوە زیندوە.
بەم شێوەبوو كە وێنەی ئەم كچە بەناوی رێحانە لە رەهەندێكی جیهانی سەرنجی هەمووانی بۆ خۆی راكێشا. لە تویتێك دا كە 5500 جار دووبارە بڵاوكراوەتەوە هاتووە "رێحانە زیاتر لە سەد تیرۆریستی داعش لە كۆبانی كوشتوو، دووبارە بڵاویبكەنەوە‌و بۆ ئازایەتییەكەی ناوبانگی بەرزبكەنەوە".

وە بەم جۆرە فریشتەكەی كۆبانی لەدایك بوو.

ئەم پەیامە كە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بۆ پشتیوانی كورد بڵاوكرایەوە، بەهیچ شێوەیەك لەلایەن كاربەرێكی كورد بڵاونەكرایەوە. لەبەرامبەردا ئەوە "پاوان دۆرانی" بلۆگ نوسێكی هندی نیشتەجێی كەشمیر بوو كە ئەم تویتەی یەكەمجار بڵاوكردەوە.

چیرۆكی ئەم كچە تەنانەت لە میدیا فەرمییەكانیش بڵاوكرایەوە بە فەرمی ناوی "فریشتەكەی كۆبانێ"ی لێنرا.

راپۆرتەكەی (BBC) لەكۆتاییدا دەنوسێت: بلۆگەرێكی كورد بە ناوی رویدا مستەفا، دەڵێت: ئەو كچەی لە وێنەكەدا دەیبینین ئێستا زۆر لایەنگری هەیە "ئەو بەچاوە جوانەكانی‌و پرچە كاڵەكەی سەرنجی هەمووی بۆ لای خۆی راكێشاوە. هەركەسێكم دیوە ئەوی خۆش دەوێت، چونكە ئەم كچە وێنای شتێكە كە هەموو كەس دەیانەوێت بیبنن. ژنان‌و پیاوانێك لەو جۆرە كە لەبەرامبەر هێزێكی ئەهریمەنی لە ناوچەكەدا خۆڕاگری دەكەن".



PM:02:31:06/11/2014