"گەمەی توركیا بۆ كەوتنی كۆبانێ ئاشكرا دەبێت"

‌جەمیل بایك

هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكین كوردستان ئاشكرایدەكات توركیا پاش ئەوەی لە كەوتنی كۆبانی بەدەستی داعش بێهیوا بوو، كار بۆ ئەوە دەكات لەناوەوە كۆبانی بخات.

بەپێی راپۆرتی پێگەی هەواڵیی پانۆرامای شەرقولئەوسەت، جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە،  دەڵێت: ئامانجی توركیا لە پێشنیاری ناردنی هێزی بەناوی سوپا ئازاد بۆ كۆبانێ ئەوەی كە ئەم شارە كە لەبەرامبەر داعشدا بەرخۆدان‌و خۆڕاگریی كردوە، لەناوەوە بروخێت.

هەروەها رۆژنامەی "ئۆزگور گوندیم" لەزاری جەمیل بایك دەنوسێت "ئەندامانی سوپا ئازاد هەر لە سەرەتا لەكۆبانی بوون، بەڵام ئەو چەكدارانەی ئەردوغان هەوڵدات رەوانەی كۆبانێی بكات، راستەوخۆ لەگەڵ بەشی بەڕێوەبەری تایبەتی شەڕ لەسوپای توركیا پەیوەندییان هەیە‌و فەرمان لەوانەوە وەردەگرن".

جەمیل بایك دەڵێت: توركیا سەرەڕای ئەوەی لەنێو داعش چەكداری هەیە، لەنێو سوپای ئازادیش چەكداری هەیە، ئەم گەمەیە مەترسیداربووە‌و ئاشكرابووە، توركیا سەرناكەوێت چونكە بەرخۆدانی كۆبانی جیهانیی‌و مرۆڤانەیە‌و ئەم گەمەی ناتوانێت كۆبانی برۆخێنێت.

هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكین كوردستان هەروەها دەڵێت: سعودیە‌و قەتەر چەك بە داعش دەدەن‌و یارمەتی دارایی دەكەن، ئۆردونیش لە رووی سیاسیەوە پشتگیری داعش دەكات، بەڵام توركیا لە هەر روویەكەوە‌و بەشێوە بەربڵاو پشتیوانی لەداعش دەكات.

لەلایەكی ترەوە رۆژنامەی "حوڕەیت"ی توركیا دەنوسێت: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شاهیدی جێبەجێ بوونی پلانێكە كە چارەنوسی چەندین ملیۆن كەس  لەدانیشتوانی بۆ دەیان ساڵ دەگۆڕێت‌و رەنگە كۆتایی بە سەروەریی چەندین وڵات بهێنێت.

بەوتەی ئەم رۆژنامەیە، ئەگەر توركیا ئەندامی تەواویی یەكێتی ئەوروپا بوایە، دەبووە هاوپەیمانی ستراتیژی رۆژئاوا‌و وڵاتانی ئەوروپی، بەڵام ئێستا وانیە‌و هەڵوێستی ئەمەریكا لەبەرامبەر كۆبانێ نیشانیدا كە واشنتۆن خۆی سەركردایەتی ئەم گۆڕانكارییە مەزنە لە ناوچەكە دەكات‌و رەنگە توركیا بەشێك بێت لەو گۆڕانكارییە.



AM:11:53:07/11/2014