"عێراق دەیەوێت فیرقەی١٠ زرێپۆش لەهەولێرەوە بەرێت بۆ تەلەعفەر"

سێ رۆژە ‌هێزێکی کەمی تایبەتی عێراق لە فرۆکەخانەی تەلعفەر لە رێگای فرۆکەوە دابەزیوون، عێراق دەیەوێت فیرقەی ١٠ زرێپۆش لەهەولێرەوە رەوانەی تەلعفەر بکات بۆ یارمەتیندانیان، ئەگەر رێکنەکەون لەگەڵ هەرێم هێزەکەی تەلەعفەریش دەکشێننەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند کە چەند رۆژێکە بەرپرسانی سووپای عێراق لە گفتوگۆدان لەگەڵ هەرێم بۆ گواستنەوەی فیرقەی ١٠ زرێپۆشی سووپای عێراق لە رێگای هەرێمی کوردستانەوە بۆ سەربازگەی کەسک و لەوێوە بۆ تەلعفەر بۆ یارمەتیدانی ئەو هێزەی سووپای عێراق کە سێ رۆژە لەرێگای فرۆکەوە دابەزیوون و فرۆکەخانەی تەلەعفەریان کۆنترۆڵکردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەگەر ئەو هێزە لەم دوو رۆژەدا لە هەوڵێرەوە نەگەنە تەلەعفەرە ئەوا ئەو هێزە تایبەتەی لە فرۆکەخانەی تەلەعفەرە، دەبێت لە رێگای فرۆکەوە هەڵگیرێنەوەو فرۆکەخانە چۆڵ بکەن.

سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد کە هێزەکەی فرۆکەخانەی تەلەعفەر لە دوو رۆژی رابردوودا چەند هێرشێکیان کردۆتەوە سەرداعش لە ناوچەکانی( بستانە و مەعاریف )کە لە نزیک فرۆکەخانەکەن، بەڵام شکستیان خواردووەو گەڕاونەتەوە ناو فرۆکە خانەکە.

فرۆکەخانەی تەلەعفەر ١٠ کم دوورە لەشارەکەوە لەگەڵ هاتنی چەکدارانی داعش دا بۆ موسڵ لەمانگی تەموزدا ئەو فرۆکەخانەیە دوا جێگە بوو کە لەشاری موسڵ لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکراو سووپای عێراق توانی بەرگریەکی زۆر باشی لێ بکات.  



AM:11:32:24/12/2014