"کۆسرەت رەسوڵ وەڵامێکی توندی مەلا بەختیار دەداتەوە"

هەفتەی رابردوو بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی مەلا بەختیار بەنامەیەک داوای سازدانی کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکات، بەڵام کۆسرەت رەسوڵ وەڵامێکی توندی دەداتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی مەلا بەختیار نامەیەک ئاراستەی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی، کۆسرەت رەسوڵ دەکات و لەو نامەیەدا داوای بەستنی کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی دەکات لەسەر پرسە سیاسییەکان، لەوانە مەسەلەی پەیوەندیەکانی یەکێتی لەگەڵ لایەنەکان و پرسی داعش و پەیوەندییەکانی بەغداو هەرێم و چەندین پرسی تری سیاسی.

بەپێی زانیارییەکانی سپی لەو نامەیەدا مەلا بەختیار باسی لەوە کردووە کە شەش مانگە ئێوە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی دوا دەخەن. 
بەپێی ئەو زانیاریانە ئەم نامەیەو ناوەرۆکەکەی کۆسرەت رەسوڵی زۆر توڕە کردووەو، ئەویش لەڕێگای نامەیەکی توندەوە وەڵامی مەلا بەختیاری داوەتەوە.

سەرچاوەکەی سپی باس لەوە دەکات کە کۆسرەت رەسوڵ جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە هیچ کۆبوونەوەیەک ساز ناکرێت، تا ئەو لیژنانەی رێککەوتنی هەردوو لایان لەسەر کراوە کارەکانیان تەواو نەکەن.

بەپێی زانیارییەکان وەڵامەکەی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی بۆ مەلا بەختیار بەو شێوەیە دراوەتەوە کە "ئێمە یەکێتین  و تۆ کێیت".
هەروەها بەپێی ئەو زانیاریانە، کۆسرەت رەسوڵ لە نامەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە "یەکێک لە هۆکارەکان تۆیت (واتە مەلا بەختیارە)".

بەپێی ئەو زانیاریانە جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی ئاماژی بۆ ئەوە کردووە "کە تۆ هەر لە خۆتەوە بەناوی یەکێتیەوە لێدوان دەدەیت و بڕیار بەناوی یەكێتیەوە دەدەیت".

ئەم وەڵامە توندەی کۆسرەت رەسوڵ بۆ مەلا بەختیار بە پەرەسەندنێکی تری ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو باڵەکە هەژمار دەکرێت. 



PM:12:22:28/01/2015