لیژنەکانی چاکسازی یەکێتی دەستیان بە کارەکانیان کرد

هەر دوو باڵی ناکۆکی نێو یەکێتی، کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح لەگەڵ باڵی هێرۆ ئیبراهیم رێککەوتن کە لیژنەکانی چاکسازی یەکێتی دەستبەکار بکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیستمانی کوردستانەوە بە سپی میدیای راگەیاند کە هەردوو باڵی ناکۆکی یەکێتی لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە ئەو چوار لیژنەیەی پێکیان هێناوە بۆ چاکسازی دەست بەکار بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش لە لایەن کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبەوە ئاگادار کراونەتەوە دەست بە کار بکەن.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هەر دوو باڵی ناکۆک لە کۆبوونەوەی ٨-٢کە لەبینایەی مەکتەبی سیاسی  لەسلێمانی سازکرا، هەر دوو لا رێککەوتوون کە ئەو چوار لیژنەیە دەستبەکار بەکەن کە لە کۆبوونەوەی ١٥-١٢-٢٠١٤ ی هەر دوو باڵ لەماڵی کۆسرەت رەسووڵ ڕێککەوتن لەسەری و دواتر لەسەر ناونانی سەرۆکی لیژنەکانیش رێککەوتن.

ئەو چوارلیژنیەیەش، لیژنەی دارایی کە رزگار عەلی بەرپرسیەتی و لیژنەی پێشمەرگە کە شێخ جەعفەر بەرپرسیەتی سەر بەباڵی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵحن و، هەرچی لیژنەی راگەیاندن کە د. ئەرسەلان بایز بەرپرسیارێتی لەگەڵ لیژنەی نوێنەرانی یەکێتی لە پۆستە حکومییەکان کە رەفعەت عەبدوڵا بەرپرسێتی لەسەر باڵی هێرۆ ئیبراهیم هەژمار دەکرێن.
کارەکانی هەریەک لەم لیژنانە ئامادەکردنی راپۆرتە لەسەر کەمکوڕی و کێشەکانی ئەو بەشانەو دواتر ئاراستە کردنی ئەو راپۆرتانەیە بۆ بەردەستی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح و هێرۆ ئیبراهیم و مەلا بەختیار و پاش ئەوەی ئەوان لەسەری رێكکەوتن کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی سازدەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی سپی میدیا مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆنابێتەوە تا  راپۆرتی ئەو لیژنانە ئامادە نەکرێن و نەخرێنە بەردەستی ئەو چوار بەرپرسەی هەردوو باڵەکەوە. 



PM:06:35:14/02/2015