وێنە..خۆپیشاندانەكان لەباکوری کوردستان په‌رەدەستێنێت

‌ئۆزگەجان ئەسلان
هاوكات لەگەڵ پەرەسەەندنی خۆپیشاندان‌و ناڕەزاییەكان پاش دۆزینەوەی تەرمی سوتاوی كچێكی كورد بەدەست سێ پیاوی تورك، دادگای ئەو وڵاتە بڕیاری گرتنی ئەو سێ كەسەی بە تۆمەتی كوشتن‌و سوتاندنی ئەو كچە گەنجە درێژكردەوە.

ئۆزگەجان ئەسلان، كچە كوردێكی تەمەن 20 ساڵ بەهۆی بەرگریی كردن لەخۆی لەبەرامبەر شۆفیری پاسێك كە بەنیاز دەستدرێژی سێكسی بكاتەسەر، بە چەقۆ كوژرا.

هەڵسوڕاوانی ژنان‌و خۆپیشاندەران ئەمرۆیان بە "دوشەممەی رەش" ناو لێبردوە‌و داوا لەهەموو ژنان كردوە لە ماتەمینی ئۆزگەجان ئەسلان، بەرگی رەش لەبەر بكەن‌و خۆپیشاندان بكەن.

دوێنێ یەكشەممەش بە دەیان هەزار كەس لەشارە جیاجیاكانی توركیا بەنیشانەی ناڕەزایی بە كوشتنی ئۆزگە هاتنە سەرشەقامەكان.
ئەمرۆ دوشەممەش دادگایەك لەشار تەرتوس لە باشوری پارێزگای مرسین بڕیاری دەستبەرسەركردنی سێ كەسی بە تۆمەتی كوشتن‌و سوتاندنی ئەو كچە كوردە درێژكردەوە.

ئۆزگەجان رۆژی چوارشەممەی رابردوو لەكاتێكدا لەناوپاسێكدا تەنیا خۆی دەمێنێتەوە، شۆفیری پاسەكە رێگەكەی دەگۆڕێت‌و هەوڵ دەدات دەستدرێژی بكاتەسەر كچەكە، بەڵام ئۆزگە بە سپرای بیبەر بەرگری لەخۆی دەكات لەئەنجامدا شۆفیرەكە چەقۆی لێدەدات‌و پاشان تا سنوری مردن لێیدەدات.

پاشان شۆفیرەكە داوا لەباوك‌و هاوڕێیەكی دەكات هاوكاری بكەن‌و لە دارستانێكدا تەرمی ئۆزگە دەسوتێنن بەڵام لەكۆتاییدا پۆلیس تەرمی كچەكەیان دۆزییەوە.









PM:10:22:16/02/2015