گۆڕان داوای ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە كەیسی بازرگانی لەگەڵ داعش دەكات

‌نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
پاش ئاشكرابوونی بارزگانیكردن لەگەڵ گروپی تیرۆریستی داعش، حکومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی بۆ ئەم مەبەستە‌و بۆ لێكۆڵینەوە پێكهێنا، فراكسیۆنی گۆڕانیش داوای ئاشكراكردنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە دەكات.

لەنوسراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ سپی میدیا نێردراوە، فایەق مستەفا رەسوڵ ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان داوا لەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكات ئاشكرای بكەن كە پرۆسەی لێكۆڵینەوە لەدۆسیەی بازرگانیكردن لەگەڵ داعش گەیشتووە بەكوێ.

لەنوسراوەكەدا هاتووە: دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بازرگانیكردن لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لەلایەن چەند كەسێكەوە لەهەرێمی كوردستان، لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەڵسان لەبەدواداچوون‌و كۆكردنەوەی بەڵگە، دەركەوت كە ئەو بازرگانیە كراوە‌و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی تایبەتی لێكۆڵینەوە لە ئەنجومەنی وەزیران پێكهات ئەو كات تا رادەیەك‌و بۆ ماوەیەك ئاگاداری پرۆسەی لێكۆڵینەوە بووین، بەڵام دوای ماوەیەك بێدەنگی لەو پرسە گرنگە كرا.

لە نوسراوەكەدا چەند پرسیار ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كراوە وەك:

پرۆسەی لێكۆڵینەوەكە بە كوێ گەیشتوە؟
هۆكاری دواكەوتنی راگەیاندنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە چیە؟
ئایا كەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە رادەگەیەنرێت؟



PM:03:16:04/03/2015