ڤیدیۆ.. "سوپای عێراق مێرمنداڵێك گوله‌ باران دەكەن"

ڤیدیۆیەك لە تۆڕەی ئینتەرنێت بڵاوكراوەتەوە كە نیشانی دەدات هێزەكانی سوپای عێراق پاش گەیشتنیان بە پارێزگای دیالە مێر منداڵێك كە لەگەڵ هاوكاری چەكدارانی داعشی كردوە بەر دەستڕێژی گوللە دەدەن‌و دەیكوژن.

بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی عەرەبییە، لەم گرتە ڤیدیۆیەدا  ئەم مێرمنداڵە لەكاتێكدا بەدەستی بەستراو لەسەر زەوی دانیشتووە، ژمارەیەك لە سەربازانی عێراق لەناوچەیەكی نادیار دەورەیان داوە، پاشان چەكەكانی خۆیان دەخەنەسەر سەری‌و دەیكوژن.

عەرەبییە بەهۆی بوونی دیمەنی دڵتەزین لە ڤیدیۆكە تەواوی ڤیدیۆكەی بڵاونەكردوەتەوە.
لەمبارەیەوە مستەفا سەعدون، بەرێوەبەری چاودێری مافی مرۆڤی عێراق بە كەناڵی تەلەفزیۆنی (العربیە الحدپ)ی وتووە: ئەو هێزانەی لە ڤیدیۆكەدا هەن هێزی سوپای عێراقن‌و شوێنەكەش بەشی رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالەیە.

ئەو چاودێرەی مافی مرۆڤی عێراق سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەم رەفتارەی سوپای عێراق بەرامبەر بەمێرمناڵێك دەڵێت "ئەم منداڵە بەرامبەر بە سوپای عێراق‌و خەڵكی مەدەنی شەڕی كردوە، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی بەم شێوەی بكوژرێت‌و هیچ یاسایەكی نێودەوڵەتی‌و عێراقی رێگە بەو كارە نادات".



PM:11:16:04/03/2015