که‌مپینێک له‌ سلێمانی به‌ناوی " بێده‌نگ نابین " راده‌گه‌یه‌نرێت

له‌سه‌ر پیسبوونی ژینگه‌و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری پێوست له‌ شاری سلێمانی که‌مپینێک به‌ناوی " بێده‌نگ نابین" داده‌مه‌زرێت و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ حکومه‌ت ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر به‌ده‌م داواکارییه‌کانیانه‌وه‌ نه‌چن خۆپیشان دان ده‌که‌ن.

ئه‌و که‌مپینه‌ که‌ کۆپییه‌کی به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنیان ئاراسته‌ی سپی میدیا کردووه‌ دەستبەجێ داوا له‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت نێچیرڤان بارزانی ده‌که‌ن لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنێ بە سەرۆكایەتی خۆی و ئەندامێتی وەزیری شارەوانی و سەرۆكی شارەوانی سلێمانی، له‌سه‌ر ئه‌و که‌موکوڕیه‌ زۆره‌ی شاری سلێمانی له‌بواری خزمه‌تگوزاریدا پێوه‌ی ده‌ناڵێت.

ده‌قی یه‌که‌م راگه‌یه‌نراوی که‌مپینی بێ ده‌نگ نابین   

كەمپینی "بێدەنگ نابین" لە شاری سلێمانی رادەگەیەنرێت

 لەپێناو لێپرسینەوەو خزمەتكردنی زیاتری شاری سلێمانی، "كەمپینی بێدەنگ نابین" رادەگەیەنرێت. داواكارین دەستبەجێ كاك نێچیرڤان بارزانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنێ بە سەرۆكایەتی خۆی و ئەندامێتی وەزیری شارەوانی و سەرۆكی شارەوانی سلێمانی تا ئەم مەسەلانە یەكلابكەنەوە:
-كاك یوسف كەریم سەرۆكی شارەوانی سلێمانی رایدەگەیەنێ یەك كیلۆ قیرمان نییە بۆ پینەوپەڕۆی شەقامەكان، ئایا كەمتەرخەمی خۆیانە یاخود وەزارەتی شارەوانی بە چ پاساوێك وا لە شارەكەمان دەكات؟
  -كێ بەرپرسە لە پیسبوونی ژینگە كە دەیان نەخۆشی وەك شێرپەنجەی لێكەوتۆتەوە؟ بۆچی سەدان ملیار دینار بۆ سەوزكردنی سلێمانی تەرخان كراوە بەڵام لەجیاتی دەیان جۆر دار، پارەكە دراوە بە داری واشنتۆن كە زۆربەی وشك بوون؟ كێ بەرپرسە لە كەمبوونەوەی سەوزایی و دواكەوتنی پرۆژەی سەوزكردن؟
 -بەهۆی راگرتنی دابەشكردنی زەوی، نرخەكەی 5 هێندەو زیاتریش بەرزبۆتەوە، بۆچی دەبێ خەڵك بەدەست گرانی نرخی زەوی و كێشەی نیشتەجێ بوون بناڵێنن؟
 -شارەكە بەهۆی زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل جەنجاڵ بووە، كێ خەتابارە لە نەبوونی سیتی پاس و میترۆ و دروست نەكردنی گەراج و پردی یەكتربڕ و ئەندەرپاس؟
 -تاكەی ریسایكلین و كارگەی تواندنەوەی لایلۆن و شوشەو... ناهێنرێتە ئەم شارە بۆ رزگاربوون لە پیسبوونی ژینگە؟
 -ئەگەر وەڵام نەدرێینەوە، ناچارین پەنا بۆ چالاكی مەدەنی و خۆپیشاندان دژی كاك یوسفی سەرۆكی شارەوانی.




AM:09:45:22/03/2015