یەكێتی زانایان: كۆنفرانسەكەی مەلا بەختیار نیگەرانی كردوین

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی،لەرونكردنەوەیوكدا دەڵێت، کۆنفرانسەكەی مەلا بەختیار نیگەرانی كردوین و بە روونی دەیەوێت لە رێگەی بەبادانەوەی ئەم کایە کۆنەی رۆژهەڵاتناسەکان پف لە پشکۆی فیتنەی مەزەبی و ئایینی بکاتەوە، کە لە حاڵی ئێستادا باشترین ئامرازی تیرۆریستانە بۆ پەرەدان بە کردەوە قێزەونەکانیان.

پاش ئەوەی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەكۆنفرانسێكدا لەژێر ناوی "ئایین بۆ تاک و دیموکراسی بۆ هەمووان" ،  دەڵێ: ”چۆن یەقینمان هەبێ بە قورئان کە دوای دەیان ساڵ لە کۆچی پێغەمبەر کۆکراوەتەوە".
چەندین ناڕەزایی لایەنە ئیسلامییەكانی لێكەوتەوە.



دەقی رونكردنەوەكە:

روونکردنەوەیەك لەسەر کۆنفرانسی دابڕان لە سلێمانی

 

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

 

رۆژی ٢٦-٣-٢٠١٥ کۆنفرانسێك لە سلێمانی بەستراو ماوەی دوو رۆژی خایاند. ئێمە لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە بەدواداچوونمان بۆ سمینارەکە کرد، بەڕاستی لەم دۆخەدا ئێمەی نیگەران کرد، بەتایبەتی هەردوو وتارەکەی بەرێز مەلا بەختیار تەواو مایەی هەڵوەستە لەسەرکردن بوو، چونکە ئێمەی مەلاو زانایانی ئایینی هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵمانداوە دینداری خەڵک و باسو خواسی موسڵمانانە لە ململانێ سیاسیەکان دوور بێت، بەڵام ئەم کۆنفرانسە بە روونی دەیەوێت لە پەنای لێدانی حزب و رەوتە ئیسلامیەکان لە خوودی ئایین بدەن و باسگەلێکی زۆر کۆن، کە لە مێژە رۆژهەڵاتناسەکان باسیان کردووەو هەر خۆشیان وەڵامی خۆیان داوەتەوەو، لە دنیای ئەمرۆدا هزرڤان و بیرمەندە مەزنەکان کە هەمیشە بەرامبەر مرۆڤایەتی هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن بەلای ئەم جۆرە باسانەدا ناچن، بەتایبەتی لە دنیای ئەمرۆی کراوەدا پێویستە کار بۆ خاڵە هاوبەشەکان بکرێت و هەستی خۆشەویستی و پێکەوەژیان لە ناو تاکەکان و کۆمەڵگە قوڵتر بکرێتەوە، کەچی ئەم کۆنفرانسە بە روونی دەیەوێت لە رێگەی بەبادانەوەی ئەم کایە کۆنەی رۆژهەڵاتناسەکان پف لە پشکۆی فیتنەی مەزەبی و ئایینی بکاتەوە، کە لە حاڵی ئێستادا باشترین ئامرازی تیرۆریستانە بۆ پەرەدان بە کردەوە قێزەونەکانیان.

 

لێرەوە وەك یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان روو دەکەینە بەرێوەبەرانی ئەم پرۆژەیەو بە روونی پێیان دەڵێین: دەکرێ ململانێ سیاسی و ئایدۆلۆژیەکانتان لە چوارچێوەی خۆی پەرە پێبدەن، بەڵام بۆ خاتری ئایدۆلۆژیا فیکریەکانتان پەنا بۆ لێدانی پەیامی دیندارانەی خەڵك مەبەن و، ئەو ئارامیەی خەڵك لە سایەی دینداری دەینۆشێت تیرۆری مەکەن، ئەنجام ئەوەی زەرەر دەکات ئەم وڵات و نیشتیمانەیە، کە ئەرکی هەموومانە کار بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و فیکری بکەین.

 

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

29/3/2015




PM:03:42:30/03/2015