یەکێتی و پارتی داوای لێپرسینەوە لە شێركۆ جەودەت دەكەن

فراكسیۆنەكانی یەكێتی‌و پارتی لە پەرلەمانی كوردستان داوای لێپرسینەوە لە پەرلەمانتاری یەكگرتوو شێركۆ جەودەت دەكەن كە "زانیاریی كۆبوونەوەكانی حكومەتی داوتە كۆمپانیایەكی نەوت".

هەفتەنامەی رووداو لە ژمارەی نوێی خۆیدا راپۆرتێکی سەبارەت بە دزەپێکردنی زانیاریی کۆبوونەوەکانی حکومەت بە کۆمپانیای داناغاز بڵاوکردووەتەوەو بەگوێرەی چەند ئیمەیڵێكی كۆمپانیای دانا غاز كە لە سەرچاوەیەكەوە دەست (رووداو) كەوتوون، شێركۆ جەودەت، سەرۆكی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی كوردستان هاوئاهەنگیی گەرموگوڕی لەگەڵ كۆمپانیای دانا غاز هەبووە و زانیاری هەستیاری كۆبوونەوە تایبەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی داوە بەو كۆمپانیایە، كە لەكێشەیەكی یاساییدایە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەوبارەیەوە راگەیاند: "ئەو بابەتە ئەوە دێنێت کە سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی بۆ بکات، ناکرێت ئەندامانی پەرلەمان بەبوونی ئەو دەسەڵاتانەی کە هەیانە لە چاودێریکردنی تەواوی دەزگا و دامەزراوەکان، بەڵام ئەمین نەبن و ئەو زانیاریانەی کە بەدەستیان بگات بەدەست خەڵکی دیکەی بگەیەنن".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەبارەت بە هەڵوێستی فراکسیۆنەکەی گوتی:" ئێمە بە دڵنیاییەوە قسە لەسەر ئەو بابەتە دەکەین هەم لە ئاستی فراکسیۆنەکانی دیکە و هەم فراکسیۆنەکەی خۆیشمان و هەم لە لیژنەی کاروباری پەرلەمان، کە ئەویش لیژنەیەکی نوێیە دروست بووە کە چاودێری پەرلەمان و پەرلەمانتاران و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات".
هەر لەسەر ئەو بابەتە، رێواز فایەق، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان وتی: "من راپۆرتەکەی هەفتەنامەی رووداو و بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆیشم بینیوە، بەڵام تاوەکو لەگەڵ دکتۆر شێرکۆ قسە نەکەین و روونکردنەوەمان پێنەدات ناتوانم هەڵوێستی لەسەر وەربگرم، چونکە حاڵەتێکی ناخۆشە نەک بۆ ئەو کە سەرۆکی لیژنەکەیە، بەڵکو بۆ ئێمەیش کە ئەندامین لەو لیژنەیەدا".

رێواز فایەق بە ئاماژەدان بەوەی، ئەوەی کە کراوە ئەوان وەک لیژنەی سامانە سرووشتییەکان ئاگاداری نین، نە لە پەیوەندییەکان نە لە ئیمەیڵەکان، گوتی:" دەبێت د. شێرکۆ جەودەت روونکردنەوەمان پێبدات لە کۆبوونەوەیەکی رەسمی و بۆمان روونبکاتەوە ئەم شتانە چییە، چونکە ئەوەی لە راگەیاندنەکان باسی دەکات جیاواز دەبێت لەو روونکردنەوەیەی بۆ لیژنەکە دەیدات، بزانین بەناوی پەرلەمانتار وایکردووە یان سەرۆکی لیژنە، کە ئەگەر وەک پەرلەمانتار بێت ئەوە پەرلەمان لێی بەرپرسیارە و ئەگەر هەڵەبێت مافی خۆیەتی لێپرسینەوەی پێویستی لەگەڵ بکرێت و ئەگەر هەڵەیش نەبێت ئەوا دەبێت رووداو داوای لێبوردنی لێبکات".

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتە لە هەفتەنامەی رووداو، شێرکۆ جەودەت لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەفزیۆنی رووداو بەشدرایکرد بۆ ئەوەی روونکردنەوەی زیاتر بدات. لەبارەی دزەپێکردنی نهێنی كۆبوونەوەكانی حكومەت ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو رایگەیاند "ئامادەم هەموو ئەو ئیمەیلانەی لە نێوان من و کۆمپانیای دانا غاز هەیە، بڵاویان بکەمەوە".

سەبارەت بەو داوایەی کۆمپانیای دانا غاز لەسەر هەرێمی کوردستان لە دادگایەکی وڵاتی بەریتانیا تۆماریکردووە، جەودەت گوتی: "من هەوڵمداوە لەم کەیسەی کۆمپانیای دانا غاز، بکۆڵمەوە و روون بێتەوە ئایا راستە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت ملیۆنەها دۆلار وەک غەرامە بدات بە کۆمپانیاکە، ئەگەر کەیسەکە بدۆڕێنێت، ئایا مافی خۆیەتی یان نا".



PM:01:31:14/04/2015