لیژنەی دەستپاكی بەدواداچوون بۆ چەند پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان دەكات


بە مەبەستی تاووتوێكردنی ئەو سكاڵا و نووسراوانەی ئاراستەی لیژنەكەیان  كرابوون سەبارەت بە چەند پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان، ڕۆژی 8/6/2015، لیژنەی دەسپاكی لە پەرلەمانی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی عومەر ساڵح كۆچەر و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنە و بڕیاردەر و ژمارەیەك لە ئەندامان و راوێژكاری لیژنەكە، لە هۆڵی لیژنە لە تەلاری پەرلەمان كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا پێداچوونەوە بەو نووسراو ‌و سكاڵایانە كرا كە بە دەست لیژنەكە گەویشتبوون، سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، نەجیبە لەتیف بڕیاردەری لیژنەكە، رایگەیاند: "چەند  داواكارییەك ئاراستەی لیژنەكەمان كرابوو، یەكێك لەو داواكارییانە كێشەی داگیركردنی زەوی بوو لەلایەن كۆمپانیایەكەوە، لە ساڵی 2005،  370 دۆنم زەوی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی شاری ئەندازیاران بەخشراوە بە ئەندازیاران، بەڵام لە ساڵی 2009 ئەو  زەوییە لەلایەن كۆمپانیایەكەوە دەستی بەسەردا گیراوە بەبێئەوەی مۆڵەتی فەڕمیی وەزارەتی  شارەوانی و دەستەی وەبەرهێنانی هەبێت، سەرباری ئەوەش كۆمپانیاكە هاتووە پڕۆژەی لەسەر زەوییەكە جێبەجێ كردووە، سەندیكای ئەندازیارانیش پەنایان بۆ دادگا بردووە، بەڵام تا ئێستا كێشەكە یەكلانەبۆتەوە و زەوییەكە نەگەڕاوەتەوە،  ئێمەش وەكو  لیژنە نووسراوی فەڕمی ئاراستەی دەستەی دەستپاكی و دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی وەبەرهێنان دەكەین بۆ بەدواداچوونی ئەو كێشەیە".

ئاماژەی بەوەشدا: "پڕۆژەی  قوتابخانەیەكی 24 پۆلی لە  شەمامك لە ساڵی 2013 بڕیاربوو لە ماوەی 170 رۆژ تەواو بكرێت، كە بڕی زیاتر لە یەك ملیار و شەش سەد ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە، بەڵام تا ئێستا تەواو نەكراوە، بۆیە بڕیارماندا نووسراوێك ئاراستەی دەستەی وەبەرهێنان و دەستەی نەزاهە بكەین بۆ لێكۆڵینەوە لەسەری تاوەكو بزانین ئەو پارەیە چی لێهاتووە و بۆچی پڕۆژەكە تەواو نەبووە".

وتیشی: "لە سنووری پارێزگای دهۆك پڕۆژەیەك هەیە بە ناوی (ئالان تاوەرس)، كە پارەی  بۆ تەرخانكراوە و دوو ساڵ لە كاتی تەواوبوونی خۆی دواكەوتووە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا نووسراوێك ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت بۆ چارەسەر كردنی كێشەكە".




PM:06:27:09/06/2015