پەرلەمان و سامانە سروشتییەكان چارەسەری قەیرانی بەنزین دەکەن
بە مەبەستی چارەسەركردنی قەیرانی بەنزین و تاووتوێكردنی كوالیتیی سووتەمەنی و چەند پرسێكی تر، ئەمڕۆ 2015/6/17، لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی لیژنە و ئامادەبوونی جێگر و بڕیاردەر و ژمارەیەك لە ئەندامانی و راوێژكاری لیژنەكە، لەگەڵ هەڤاڵ عەبدولحافز و ئەحمەد ئیحسان بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم و غالب حەمەد و نافز مستەفا و عەبدولسەمەد تیلی عومەر سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وەزە و سامانە سروشتییەكانی ئەنجوومەنی هەرسێ پارێزگای سلێمانی و هەولێر و دهۆك كۆبۆوە.
لە كۆیبوونەوەكەدا قەیرانی بەنزین و هۆكارەكانی دروستبوونی قەیرانەكە و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانە گفتوگۆیان لەبارەوە كرا و لەلایەن ئامادەبووانەوە چەندین پێشنیاز بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە خرانە روو و لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا كۆمەڵێك بڕیاردران.
لەوبارەیەوە د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وەزە و سەرچاوە سروشتییەكان رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەد بەڵێننیان پێداین كە بەزوویی قەیرانی بەنزین چارەسەر بكرێت و ئەو پلانەی لەلایەن وەزارەتەوە دانراوە بۆ دابینكردنی بەنزین بۆ چەند مانگێك بە زەمانەتەوە بنێرن بۆمان، بۆئەوەی ئێمەش دڵنیابین لە چارەسەركردنی یەكجارەكی قەیرانی بەنزین لە هەرێمی كوردستاندا".
ئاماژەی بەوەشدا: "بۆ دەربازبون لە قەیرانی بەنزین و دووبارەنەبوونەوەی، بڕیار وایە و داواكراوە لە ئەنجومەتی نەوت و گازی ئەنجوومەنی وەزیران كە چ لەلایەن ئێمەوە بێت وەكو پەرلەمان چ لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە بێت لە مەودوا دەسەڵاتی زۆر بدرێت بە پارێزگاكان بۆ هاوردەكردنی بەنزین و كۆنتڕۆڵكردن و جێبەجێكردنی كوالیتی و بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت لە پارێزگاكان و هەروەها دەستكراوە بن لە بە سزاگەیاندنی سەرپێچیكاران، ئەوەش قۆناغێكی گرینگە بۆ بەلامەركەزیەتبوونی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستاندا".
هەر لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیار ێك دران، لەوانە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە زووترین كات رێنمایی بۆ پاڵاوگەی نوێ دەربكات و هاوردەكردنی بەنزین لەلایەن هەر كەسێكەوە بێت پێویستە بەپێی رێنماییەكانی وەزارەت بێت و لادانی مەرجی 30 ملیۆن لیتر بۆ رێنماییەكانی هاوردەكردنی بەنزین و وەزارەت نووسراو بۆ ئەو كۆمپانیایانە بكات كە نەوتی خاو لە وەزارەت وەردەگرن نەیدەنە پاڵاوگە نایاساییەكان و وەزارەت داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران بكات كە پارێزگاكان دەسەڵاتی گرێبەستكردنیان هەبێت و بازاڕی سووتەمەنی (بەنزین)ی هەبێت.
PM:04:51:17/06/2015