"ساڵانە 2 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار بۆكڕینی سووتەمەنیه‌ بۆ كارەبا"

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی ئاشكرایدەكات ساڵانە 2 ملیار‌و 500 هەزار دۆلار بۆ كڕینی سوتەمەنی بۆ دابینكردنی كارەبای هەرێمی سەرف دەكرێت.

ئەندازیار یاسین حەسەن لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵ دەڵێت "بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێم بە كەرتی تایبەت سپێردراوە، لە ساڵی 2008ەوە دەست كراوە بو بونیادنانی ژێرخانی كارەبا لە وێستگەكانی بەرهەمهێنان جگە لە وێستگەكانی دوكان و دەربەندیخان".

گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا لە درێژەی قسەكانیدا باس لەوە دەكات بەهۆی پشت بەستن بە گازوایل بۆ دابینكردنی كارەبا لە هەرێم خەرجییەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا زۆرترە، لەو بارەیەوە دەڵێت "وێستگەی غازی هەولێر و سلێمانی و دهۆك ئەگەر هەموو یەكەكانیان كار بكەن هەر وێستگەیەك هەزار مێگاوات بەرهەم دەهێنێت، وێستگەی دهۆك بە گازوایل و سلێمانی و هەولێریش بە غازی سرووشتی كاردەكەن ئێستا، باعەدرێ بە نەوتی رەش كار دەكات 40 مێگاواتی هەیە".

سەبارەت بە دابەشبوونی ئەو كارەبایەی لە هەرێم بەرهەم دێت بەپێی سەرچاوەی بەرهەمهێنانەكەی وتی "لە ساڵی 2014دا دوو هەزار و 570 مێگاوات كارەبامان بەرهەم هێناوە، هەزار و 80 مێگاواتی بە دیزڵ بەرهەم هاتووە واتە 42 لەسەدی كۆی كارەبای بەرهەم هاتوو لە هەرێم، هەزار و 175 مێگاوات بە غازی سرووشتی بەرهەمهاتووە كە 46 لەسەدی كۆی كارەبا پێكدێنێت، واتە هەردووكیان 88 لەسەدی غازی هەرێم دابین دەكەن، هەروەها 92 مێگاواتیش كە دەكاتە 3,5 لەسەدی كۆی كارەبای بەرهەم هاتوو بە هایدرۆ بووە، 125 مێگاواتی دیكە كە پێنج لەسەدی كۆی كارەبای هەرێم دەكات بە نەوتی رەش بەرهەم هاتووە، جگە لە 100 مێگاوات لە توركیاوە هاتووە كە 3,5 لەسەد دەكات".

یاسین حەسەن لەو هەڤپەیڤینەیدا دەڵێت زۆرێك لەو بڕە پارەیەی بۆ وەزارەتی كارەبا دابین دەكرێت بۆ خەرجیی سووتەمەنی دەڕوات و بەهۆی پشت بەستنی زۆری وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێم بە گازوایل خەرجیی كارەبا زۆر زۆرە. لەوبارەیەوە روونی دەكاتەوە "لە ساڵی 2014 ئەوەی هەبووە، كۆی تێچوونی دابینكردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمێنان دوو ملیار و 480 ملیۆن و 484 هەزار دۆلار بووە، خەریجی كڕینی یەكەی كارەبا كە دەدرێت بە وەبەرهێنەرەكان 735 ملیۆن و 656 هەزار دۆلار بووە، تێكڕای ئەو پارەیەی بۆ وەزارەتی كارەبا خەرج كراوە، سێ ملیار و 416 ملیۆن و 141 هەزار دۆلار بووە، واتە زۆرینەی هەرە زۆری خەرجی وەزارەتی كارەبا بۆ سووتەمەنی بووە كە دوو ملیار و 480 ملیۆن و 484 هەزار دۆلار بوو، لەو بڕەش دوو ملیار و 294 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینكردنی گازوێلەوە بووە".

گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەشڵێت حكومەتی هەرێم بڕیاری دەركردووە كە لەماوەی ساڵێك و لە هەموو حاڵەتێكدا لە دوو ساڵ تێپەڕ نەكات سەرجەمی وێستگە پشت بەستووەكان بە گازوایڵ بگۆڕێت بۆ غازی سرووشتی پاش ئەوەی بۆی دەركەوت پارەیەكی زۆر لە كڕینی گازوایل خەرج دەكرێت.

یاسین حەسەن وتیشی "ساڵانە بەم شێوەیەی ئێستا نزیكەی دوو ملیار و نیو دۆلار لە دابینكردنی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا خەرج دەكرێت و ئەو پارەیەشی لێی وەردەگێرێتەوە وەكو داهات یەك لەسەر دەی خەرجییەكەیەتی".

روونیشی كردەوە "داهاتی كارەبا لە هەرێمی كوردستان زۆر زۆر كەمترە لەچاو ئەو پارەیەی بۆ بەرهەمهێنانی خەرج ئەكرێت، داهات 10 لەسەدی خەرجییەكە تێناپەڕێنێت بەو قەرزانەشی كە لەسەر خەڵكە و نادرێتەوە، چونكە حكوومەتی هەرێم پشتگیری كارەبا دەكات، یەكەكەیەكی كارەبا كیلوات/ كاتژمێرێك بۆ نموونە 15,17 سەنتی تێچووە كە نزیكەی 180 دینار دەكات بەحسابی جارانی نرخی دۆلار، بۆ هاووڵاتی  تا 450 كیلواتیش هەر 15 دینار وەردەگیرێت".

ئەوەشی گوت كە لە دە مانگی یەكەمی ساڵی 2014 داهاتی كارەبا تەنها 230 ملیار دینار بووە، داهاتی كارەبا لە مانگی یەكەم و دووەمی ئەمساڵیش تەنها 53 ملیار دینار بووە.

سەبارەت بەو قەرزانەشی كە وەزارەتی كارەبا هەیەتی و لەلای خەڵك و حكوومەتە، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەڵێت "تا مانگی دووی ئەمساڵ تێكڕای قەرزەكانی وەزارەتی كارەبا لەسەر خەڵك و دامەزراوەكانی حكوومەت 295 ملیار و 260 ملیۆن دینارە بووە، لەو بڕە پارەیە 128 ملیار و 158 ملیۆن دیناری لای هاووڵاتییانە، 167 ملیار و 101 ملیۆن دیناریشی قەرزی حكوومییە، كە هەمووی دەزگاكانی حكوومەت نیین، هەیانە مزگەوت و  قوتابخانە و فەرمانگەی حكوومی نیین، بەڵام كارەبا خەرج دەكەن و هەندێ شوێنی خزمەتگوزاری وەكو كەناڵی راگەیاندن و دەزگای كۆمەڵگەی مەدەنی".



PM:06:19:19/06/2015