كه‌جه‌كه‌ به‌رپرسیارێتی‌ هێرشه‌كانی‌ سه‌ر كۆبانێ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ حیزبەكەی ئەردۆغان

هاوسه‌رۆكی‌ کۆماجڤاکێن کوردستان كه‌جه‌كه‌ به‌رپرسیارێتی‌ هێرشه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ داعش بۆ سه‌ر كۆبانی‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ حكومه‌تی‌ توركیا و ئاك پارتی‌.

هاوسەرۆکایەتی‌ کۆنسەی‌ بەرێوەبەری‌ کۆماجڤاکێن کوردستان کەجەکە لەبارەی‌ هێرشی‌ گروپە چەتەکانی‌ داعش بۆ سەر کۆبانێ لێدوانێکی‌ نوسراوی‌ بڵاوکردەوە.

هاوسەرۆکایەتی‌ کۆنسەی‌ بەرێوەبەری‌ کۆماجڤاکێن کوردستان رایگەیاند: دوای‌ ئەوەی‌ گروپە چەتەکانی‌ داعش لەبەرامبەر گورزی‌ یەکینەکانی‌ پاراستنی‌ گەل یەپەگە و یەکینەکانی‌ پاراستنی‌ ژن یەپەژە تێکشکان ، ئەمجارە لەکۆبانێ هێرشیان کردە سەر هاوڵاتیانی‌ مەدەنی‌ .کەجەکە ووتی‌ :" داعش حیسابی‌ ئەو هێرشە دەدات. ئاکەپە و حکومەتی‌ تورک بەرپرسیارن لە هێرشەکانی‌ سەر کۆبانێ ."

هاوسەرۆکایەتی‌ کۆنسەی‌ بەرێوەبەری‌ کۆما جڤاکێن کوردستان رایگەیاند کە هەموو ئەو دەوڵەت و هێزە سیاسیانەی‌ هاوکاری‌ داعش دەکەن ، بەرپرسیارن لەبەرامبەر هێرشەکانی‌ سەر کۆبانێ و وتی‌ :" لەسەرووی‌ هەموویانەوە دەوڵەتی‌ تورک و حکومەتی‌ ئاکەپە بەرپرسیارن. ئەوانەی‌ هانی‌ ئەو جۆرە هێرشانە دەدەن، ئاسایی دەبینن ، ئەوانەی‌ دەڵێن، پەیەدە لە داعش مەترسیدارترە، بەرپرسیارن لەبەرامبەر ئەو هێرشانە، ئەمە ئاستی‌ دەوڵەتی‌ تورک و دوژمنایەتی‌ لەدژی‌ شۆرشی‌ رۆژئاوای‌ کوردستان نیشان دەدات. لەدۆخێکدا کە هەتا ئێستا دەووترێت، پەیەدە لەداعش مەترسیدارترە ، بەدەرکەوتنی‌ هێزەکانی‌ پشت پەردەی‌ ئەو کردەوە دڕندانە ئاسانە."

کەجەکە دەڵێت:" چەتە فاشیستەکان لەدوو قۆلەوە کەوتنە ناو کۆبانێ ، یەکێک لەو قۆڵانە رۆژهەڵاتی‌ کۆبانێیە، واتا لەسنووری‌ تورکیاوە هاتوون. ئەمەش کەمپی‌ چەتەکان لە کانی‌ خەزالان نیشان دەدات. هەموو جیهان دەزانێت کە لەکانی‌ خەزالان چەتەکان لەگەڵ  رێکخستنی‌ دەوڵەتی‌ تورک ، سەرباز و پۆلیسەکان پەیوەندیان هەیە . کەجەکە رایدەگەیەنێت:"  هەتا رۆژی‌ ئەمرۆمان دەوڵەتی‌ تورک دەستی‌ بەرنادەوە لەدوژمنایەتی‌ کردنی‌ گەلی‌ کورد و شۆرشی‌ رۆژئاوای‌ کوردستان. دەوڵەتی‌ تورک بەردەوام لەگەل چەتەکان و بەرەی‌ نوسرا لەپەیوەندیدایە و هاوکاریان دەکات. ئێمەزۆر باش دەزانین کە دەوڵەتی‌ تورک لەدژی‌ تێکۆشانی‌ باکووری‌ کوردستان ، بەهەموو شێوەیەک لەگەڵ دوژمانانی‌ گەلی‌ کورد لەناو هاوکاریدایە."

هاوسەرۆکایەتی‌ کۆنسەی‌ بەرێوەبەری‌ کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە لەبەردەوامی‌ لێدوانەکەدا ووتی‌:" دەوڵەتی‌ تورک سنوورەکانی‌ کردۆتە بەهەشتی‌ داعش ، لەبەر ئەوەش ناتوانێت خۆی‌ لەتاوانی‌ هاوکاری‌ کۆمەڵکوژی‌ سەر کۆبانێ رزگاربکات. بەلکو هەم پەیوەندی‌ لەگەڵ داعش هەیە و هەمیش دەڵێت، هیچ پەیوەندیم بە کۆمەڵکوژیەکانی‌ سەرکۆبانێوە نیە. تەنیا خۆیان هەڵدەخەڵەتێنن. پێویستە ئاکەپە و ئەرخۆدان دەست لەو رەفتارانەیان بەردەن ، واز لەدوژمانیەتی‌ شۆرشی‌ رۆژئاوای‌ کوردستان بهێنن."

وتیشی‌ :" هەتا کو دوژمنایەتی‌ شۆرشی‌ رۆژئاوای‌ کوردستان بکەن، ئەوا گەلی‌ کوردیش لەهەرچوارپارچەی‌ کوردستان، هاوکاری‌ دەوڵەتی‌ تورک، سیاسەتی‌ دوژمنکارانەی‌ ئاکەپە لەدژی‌ کورد لەبیرناکەن. دەستی‌ گەلەکەمان بەردەوام لەملی‌ ئەوان دەبێت." کەجەکە دەڵێت:"دەبێت گەلی‌ کورد و گەلانی‌ تورکیا بە قسەکانی‌ ئەردۆغان، ئاکەپە  و راگەیاندنەکانیان باوەڕنەکەن. پێویستە هەڵویستە دیموکراتییەکان لەدژی‌ کۆمەڵکوژی‌ سەر کۆبانێ زیاتر بن، پێویستە لەو نارەزایەتیانەدا هاوکاری‌ حکومەتی‌ ئاکەپە شەرمەزاربکرێت."

لەکۆتایی لێدوانەکەدا کەجەکە وتی‌ :"با هەموو جیهان ، رۆژهەڵاتی‌ ناوەراست و تورکیا بزانێت، کە کچ و کوڕانی‌ فیدایی گەلەکەمان کە بۆ ئازادی‌ تێکۆشان دەکەن، بەتەئکید حیسابی‌ ئەو کۆمەڵکوژیە دەپرسن. هیچ کەسێک ناتوانێت ئیرادەی‌ ژیانی‌ دیموکراتی‌ و ئازادی‌ گەلەکەمان بشکێنێت. شۆرشگێرەکانی‌ رۆژئاوای‌ کوردستان بەتێکۆشانی‌ بێ وێنەی‌ خۆیان کوردستان ئازاد دەکەن و سوریاش دیموکراتی‌ دەکەن. باشترین وەڵامی‌ چەتە فاشیستەکان و هاوکاریانیان دەدەنەوە. بیرەوەری‌ شەهیدان بە ژیانێکی‌ ئازاد و دیموکراتی‌ زیندوو دەهێڵینەوە."



PM:04:44:26/06/2015