نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا دەكات

نێچیرڤان بارزانی رایدەگەیەنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجەو نەوت ئامادەیە سەردانی بەغدا بکات" ئاماژە بەوەش دەكات با نەتەوە یەکگرتووەکانیش چاودێری ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان بکات.

بە پێی هەواڵێكی ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم، رۆژی چوارشەممە 29ی تەمموزی 2015 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئێگھارد برۆس باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا برۆس ھیوای خواست" کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن"، سیستمی فیدراڵیشی بە باشترین سیستەمی دەسەڵات بۆ عێراق زانی.

باڵیۆزی ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە کە" وڵاتەکەی لە ھاوکارییکردنی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش بەردەوام دەبێت و سوپاسی خەڵک و حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد کە سەرەڕای ئەو بارە قورسە داراییەی کەوتۆتە سەر شانیان، پێشوازییان لە ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر کردووە و بە شێوەیەکی زۆر باش پێداویستی و جێگەی حەوانەوەیان بۆ دابینکردوون".

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەدیدارەکەدا هیوای خواست کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێن و ئامادەییی خۆیشی دەربڕی کە بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان لەگەڵ بەغدا، بە تایبەتی لە بوارەکانی بودجە و نەوتدا، سەردانی بەغدا بکات.

نێچیرڤان بارزانی  ئامادەیی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی دەربڕی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بێن و چاودێریی شەفافییەتی ناردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بکەن، ئاماژەی بەوەش دا" کاتێک ساڵی2003 چوونە بەغدا، بە ئومێدی دروستکردنی عێراقێکی نوێ بوون، بەڵام ئەمە رووینەدا".

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ھاوکارییەکانی ئەڵمانیا و وڵاتانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد کە لە شەڕی دژی داعشدا پێشکەش بە ھێزی پێشمەرگەیان کردووە و" ھۆکارێک بوون بۆ ئەوەی پێشمەرگە لە سەرکەوتنەکانی بەرامبەر تیرۆر بەردەوام بێت".

نێچیرڤان بارزانی، ھیوایشی خواست ئەڵمانیا لە ھەردوو بواری مرۆیی و سەربازییەوە زیاتر ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە ھەردوو بوارەکاندا باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک و خاک و ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان بکەن.



PM:04:02:29/07/2015