بەدواداچون بۆ خەرجکردنی دەرماڵەی مەترسی پاسەوانی سنور دەکات

لە بەدواداچونێکی سێ نوێنەرە کوردەکەی لیژنەی بەرگری و ئاسایشدا، وەزیری ناوخۆی بەڵێنی چارەسەری کێشەی لیواکانی پاسەوانی سنور ئەدات.

لە چواچێوەی بەدواداچونە مەیدانیەکانی نوێنەرانی کورد لە لیژنەی بەگری و ئاسایشی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ گرفت و کێشەی هێزە ئیتیحادییەکان، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە هەریەک لە هۆشیار عەبدوڵا و عەبدولعەزیز حەسەن و شاخەوان عەبدوڵا سەردانی وەزیری ناوخۆ محەمەد سالم غەبان-یان کرد.

لەو بارەی  ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی بەرگری و ئاسایش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: کێشەی لیواکانی پاسەوانی سنور لە فەرماندەیی ناوچەیی یەک کە بریتین لە لیواکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و لە سەرەتای جەنگی تیرۆرەوە  تەنها ئەوانن دەرماڵەی مەترسیان بۆ سەرف نەکراوە، خرانەڕوو.

هۆشیار عەبدوڵا ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ ئەوەی وەزیری ناوخۆ رەزامەندی نیشانداوە، بەڵام هەتا ئێستا ئەو پێنج سەد هەزار دینارەی کە وەک مەترسی بۆ هێزەکان دیاریکراوە، سەرف نەکراوە و خەمساردی تیا کراوە.

هۆشیار عەبدوڵا دەشڵێ: لە کۆبوونەوەکەدا  وەزیری ناوخۆ وتی لەسەرەتاوە رەزامەندیمان نیشانداوە و جێگەی پرسیارە جێبەجێنەکراوە و بەڵێنیشدا بەدواداچونی بۆ بکات تاجێبەجێدەکرێت.

 ئەندامەکەی لیژنەی بەرگری و ئاسایش جەختیشی لەوەکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ باس لە موچەی ئەو هێزانەش کە بە پارەی دراو و جۆری دراوی بچوک خەرج دەکرێت کرا و جەخت کرایەوە ئەو کێشەیە لای وەزارەتی داراییە و پیویستە چارەسەری بکات.

هۆشیار عەبدوڵا، دەشڵێ: لە کۆبونەوەکەدا چەند کێشەیەکی هێزە ئیتیحادیەکان لە سنوری ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان خرانەڕوو، هەروەک باس لە مەرزی نێودەولەتی کێلێ کرا کە وەزارەتی ناوخۆ لایەنی سەرەکی مەلەفەکەیە و رەزامەندی نیشانداوە و بەڵێنێ هاوکاری و پشتیوانی دا.



PM:02:30:13/08/2015