"ئاسایشی هەولێر پێشتر ئاگادار نەبووە لەو ئۆتۆمبێلانە بە چەکدارەوە"

لە روونکردنەوەیەکدا ئاسایشی هەولێر  ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن پێشتر هیچ ئاگادارکردنەوەیەک نەبووە کە ئەم ژمارە ئۆتۆمبێلانە بە چەکدارەوە بەرەو ئەم بازگەیە دێن( ئاماژە بۆ ئۆتۆمبیلی ١٥ پەرلەمانتارەکەی گۆڕان).

ئاسایشی هەولێر لە روونکردنەوەکەیدا رایگەیاندووە: "سه‌عات 20:15 خولەکی ئەم ئێوارەیە(15-8-2015)، دە ئۆتۆمبێل کە گشتیان چەکداری تێدا بووە هاتوونەتە بازگەی ئاسایشی دێگەڵە، کارمەندانی ئاسایشیش وەک ئەرکێکی ئاسایی خۆیان ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکانیان راگرتووە، چونکە پێشتر هیچ ئاگادارکردنەوەیەک نەبووە کە ئەم ژمارە ئۆتۆمبێلانە بە چەکدارەوە بەرەو ئەم بازگەیە دێن".

ئاسایشی هەولێر هەروەها رایدەگەیێنێ: "دوای راگرتنی ئۆتۆمبێلەکان تەنیا یەکەم ئۆتۆمبێل ناسنامەکانیان پشتڕاستکراوە و پرسیاریان لێ کراوە کە ئایا هەموو ئۆتۆمبێلەکان پەرلەمانتارن، کەچی بەداخەوە لە بەرامبەردا چەند کەسێکیان بە هەڵچوون و بێرێزییەوە مامەڵەیان لەگەل کارمەندانی بازگەکە کردووە و دواتریش گوایە وەک کاردانەوەیەک  گەڕاونەتەوە".

ئاسایشی هەولێر لە روونکردنەوەکەیدا باس لەوە دەکات کە: "ئەم کردار و کاردانەوەی ئەم برا پەرلەمانتارانە بەلای ئێمەوە جێگەی سەرسوڕمان بووە و چاوەڕوانی ئەوە بووین رێز لەو کەسانە بگرن کە لە گەرما و سەرما و سەختییەکاندا ئەرکی پاراستنی ئاسایشی وڵاتیان لە ئەستۆیە، کارمەندانمان بە پشووفراوانیەوە هەڵسووکەوتیان کردووە و رێگر نەبوونە لە تێپەربوونیان و نەدەبوایە رێکارێکی ئاسایی بازگەکە بکرێتە بیانوو بۆ ئەوەی ناوی کارمەندانی ئاسایش تێکەڵ بە هەندێ کێشە و ململانێ بکرێن".

لە کۆتاییدا ئاسایشی هەولێر روونی دەکاتەوە کە: "هاووڵاتیانی خۆشەویست بە گشتی و پەرلەمانتارە بەرێزەکانی هەموو لایەنەکان بە تایبەتی، دڵنیا دەکەینەوە کە وەک هەمیشە لە پاراستنی ئاسایشی هەموو لایەک بە بێ هیچ جیاوازییەک بەردەوام دەبین و  ململانێ و گرژییە سیاسییەکان کارناکاتە سەر ئەرکمان بۆ پارستنی ئاسایشی شار و شارۆچکەکانمان".



PM:11:54:15/08/2015