مانگرتنی فەرمانبەران بەهۆی دواكەوتنی موچەوە دەستی پێكرد

ئەمرۆ فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی‌و پزیشكان‌و كارمەندانی نەخۆشخانەی شەهید شەوكەت لە سەیدسادق بەهۆی دواكەوتنی موچەكانیان دەوامیان راگرت.

ئەمرۆ یەكشەممە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بەهۆی ئەوە سێ مانگە موچەیان وەرنەگرتووە، دەوامیان راگرت‌و بڕیاریشاندا تا ئەو كاتەی موچەیان پێدەدرێت رۆژانە تا كاتژمێر 10ی بەیانی دەوام دەكەن‌و دواتر فەرمانگەكانیان بەجێدێڵن.

هەروەها پزیشكان‌و كارمەندانی نەخۆشخانەی گشتی شەهید شەوكەت لە قەزای سەید سادق بەهۆی دواكەوتنی موچەكانیان دەوامی فەرمییان راگرت.

فەرمانبەران‌و پزیشكان هۆكاری دواكەوتنی موچەكانیان دەخەنە ئەستۆی حكومەت‌و داواكارن موچەكانیان لە زووترین كاتدا پێبدرێت.



PM:02:38:23/08/2015