" ئەو مناڵە خنکاوەی هەموو جیهانی هەژاند خەڵکی کوبانێیە"

میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە خێزانی ئەیلانی ٣ ساڵە کە لەکەناری دەریاکانی تورکیا خنکا خەڵکی شاری کوبانێیە.
میدیاکانی تورکیا ناوی سەرجەم ئەو خێزانەیان لە نەخۆشخانەی بودروم وەرگرتووە کە پێکهاتوون لە " رەیحان کوردی کە دایکیانەو ٣٥ ساڵە لەگەڵ سێ مناڵدا بووە، ئەیلان سێ ساڵ و، غالب ٥ ساڵ و، عەبدوڵا کە تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

ئاژانسی رۆیتەریش بڵاویکردەوە خێزانی ئەیلان دانیشتووی شاری کوبانێن.

دوو رۆژ لەمەوبەر تەرمی مناڵێک بەخنکاوی لەکەناری دەریاکانی تورکیا دۆزرایەوە کە بوو بە وێنەی لاپەڕە یەکی ژمارەیەکی زۆری رۆژنامە ئەوروپییەکان، ئەو مناڵە لەگەڵ خێزانەکەیدا لەکاتی پەڕینەوەیان لە تورکیاوە بۆ یۆنان بەلەمەکەیان نوقم دەبێت و  لەگەڵ ١١ کەسی تردا دەخنکێن.

کوبانێ شارێکی رۆژئاوای کوردستانە چەکدارانی داعش ماوەی زیاتر لە سێ مانگ ویستیان کۆنترۆڵی بکەن، بەلآم شەڕڤان بە پاڵپشتی پێشمەرگەو هیزە هاوپەیمانەکان داعشیان تێکشکاند.

AM:08:30:03/09/2015