پۆلیسی هەولێر: فەریدون جوانڕۆیی بە دەستڕێژی گوللە كوژراوە

پۆلیسی هەولێر لە راگەیەنراوێكدا  لەبارەی رووداوی گیان لەدەستدانی فەرەیدون جوانرۆیی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت کە ئەو بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست نەداوە‌و تەقەی لێكراوە.

پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت " فەرەیدوون جوانڕۆیی بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستنەداوە، بەڵکو لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە دەستڕێژی گوللەی لێکراوە".

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەش دەکات "تاوانبارەکان کە لە 5 کەس پێکهاتبوون و دەستگیرکراون. ئەوان دەستڕێژی گوللەیان لە ئۆتۆمبێلی فەرەیدوون جوانڕۆیی کردووە و دواتر بە ئۆتۆمبێل خۆیان پێداکێشاوە"

دەقی راگەیەنراوەکە:

راگەیاندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێرەوە

دوای ئەوەی لە شەوی (24/25-8-2015) کاتژمێر (12:39)، بەھۆی رووداوێکی ھاتۆچۆوە لەسەر رێگای ھەولێر خەبات، فەرماندە (فەرەیدون جوانڕۆیی) و یەکێک لە پاسەوانەکانی شەھید دەبن و دوو پاسەوانی دیکەش زامدار دەبن کە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی درع خۆی پێداکێشابوون.

دوای کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی وتەی شاھێدانی رووداوەکە و پشتبەستن بە کامێرای چاودیری نزیک لە شوێنی رووداوەکە، دەرکەوت کەوا لە سەرەتای رووداوەکە ئۆتۆمبێلکی جۆری لاندگرۆز سپی بەدوای ئۆتۆمبێلی شەھید (فەرەیدون جوانڕۆیی) دەبێت لە کاتی گەڕانەوەی بۆ میحوەری خازر کە ئۆتۆمبێلەکە دوای ھەوڵدانێکی زۆر پێشیان لێ دەگرێتەوە و دوای ئەوەی دەکەوێتە نزیک ئۆتۆمبێلی شەھید (فەرەیدون) تاوانباران تەقەی لێدەکەن، ئینجا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی شەھید فەرەیدون ھەوڵدەدات بە ھەر شێوەیەک بێت خۆی دەرباز بکات، بۆیە رێڕەوی ئۆتۆمبێلەکەی دەگۆڕێت.

لەھەمان کاتدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری درعی سەربازی کە ئەویش ھی تاوانبارەکانە رووبەڕوو خۆی پێدا دەکێشێت و لە ئاکامدا ئۆتۆمبێلی شەھید (فەرەیدون) ئاگر دەگرێت و دەبێتە ھۆی شەھیدبوونی.

دواتر توانرا تاوانبارەکان دەستنیشان بکرێن و دەستگیر بکرێن کە پێکھاتوون لە پێنچ کەس بەناوەکانی (ب. ع. م)، (ح. ع. م)، (م. ع. ا)، (یـ. ع. ا) و (ن. ێ. ب)، کە ھەرپێنجیان سەر بە خانەوادەی (ێ. ێ. ع)ن و دووژمندارن لەگەڵ خانەوادەیەک بەناوی (ن. ع)، بەپێی وتەی خۆیان،‌ وایانزانیوە دوژمنەکەیانە، بە گولـلە ھێرشیان کردۆتە سەر ئۆتۆمبێلی شەھید (فەرەیدون جوانڕۆیی) و دواتر بە ئۆتۆمبێل خۆیان پێدا کێشاوە.

دوای وەرگرتنی وتەیان ھەرپێنجیان دانیان نا بە تاوانەکەیان. بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە بریاری دا بە بەندکردنیان بەپێی ماددە (406) لە یاسای سزادانی عیراقی.

ئێستاش تاوانبارەکان بەندن و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە بۆ گەیشتن بە سزای خۆیان.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر

6/9/2015






PM:02:05:06/09/2015