گۆڕان: پارتی دەیەوێت ١٠ ساڵی تر بارزانی سەرۆکی هەرێم بێت

بۆ یەکەمجار سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند" پارتی دەیەوێت بارزانی تا ١٠ ساڵی تر سەرۆکی هەرێم بێت".
   
رێكخەری ژووری حكومەت و پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان، جەلال جەوهەر کە یەکمجارە لەسەرەتای قەیرانەکەوە چاوپێکەوتن سازبکات وەک ماڵپەڕی سبەی بڵاویکردۆتەوە، ئاشکرای دەکات " پارتی دەیەوێت؛ بارزانی بۆ (10) ساڵی دیکە سەرۆكی هەرێم بێت‌".
جەلال جەوهەر لە چاوپێکەوتنەدا کە وا بڕیارە شەوی هەینی بڵاوبکرێتەوە دەڵێت" "مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە (27)ی تەموز و سەركردایەتییەكەی لە (14)ی ئابی ئەمساڵ، لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم، بەیاننامەیان دەركردوە و لە گفتوگۆكانیشدا، وەرەقەیەكیان پێشكەش كردوە، تێكڕای ئەو بەیاننامە و دەستپێشخەرییانەیان، یەكسانە بە دو ساڵ درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی".

ناوبراو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە مانەوەی بارزانی بۆ دوو ساڵی دیكە لە پۆستەكەی، نایاساییە.

ئەو بەرپرسەی گۆڕان پێیوایە پارتی بەنیاز بێت ئەگەر ئەم دو ساڵە بۆ مەسعود بارزانی درێژ بكرێتەوە، هەوڵ بدەن دو خولی تر واتا (هەشت) ساڵی تریش بیكەنەوە بە سەرۆكی هەرێم، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە پارتی هیچ پرۆژەیەكی تایبەتی سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم نەبوە. 



PM:09:28:08/09/2015