لە کۆبوونەوەی نێوان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی، باس لە کێشەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کرا، بڕیاردرا پەرلەمان بەدواداچوون و جارەسەریی گرفت و کێشەکانیان بکات و کۆمیسیۆنیش ئامادەسازیی بکەن بۆ ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەخت و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەمڕۆ ٤ شەممە، ٩ی ئەیلول. دەستەی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی، لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی و لیژنەی کاروباری پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە. لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان وتی " ئەم کۆبوونەوەیە بۆ ئەوەیە لە نزیکەوە ئاگاداری کێشە و گرفتەکانتان بین، پەرلەمانی کوردستان پشتیوانیتان دەکات و لەهەوڵی چارەسەرکردنی گرفتە ئیداریی و کارگێڕییەکانتاندایە."
لەبەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان، وتی "دەبێت کۆمیسیۆن ئامادەسازیی بکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەڵبژاردنی پاک و بێ کێشە ئەنجام بدرێت، ئەویش بە هەنگاونان بۆ پاکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و ڕاهێنان لەسەر شێوازی هەڵبژاردنێکی مۆدێرن و پێشکەوتوو.
دواتر هەریەک لە جەعفەری ئیمینکی جێگری سەرۆک و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان بۆچوونی خۆیان لەبارەی کێشەو گرفتەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن خستە ڕوو.
پاشان سەرۆک و ئەندامانی کۆمیسیۆن، باسیان لە هەنگاو و کارەکانی کۆمیسیۆن کرد لەماوەی رابردوودا، ئاماژەشیان بە کێشە و گرفتەکانیان کرد، بەتایبەتیش لە نەبوونی کارمەندی پێویست و گرفتی دارایی و پێداویستییە لۆجیستییەکان، ئەوەشیان خستە ڕوو، ئەگەر گرفتانەیان بۆ چارسەر بکرێت لە ئایندەدا دەتوانن هەڵبژاردنێکی خاوێن و سەرکەوتوو لە کوردستان ئەنجام بدەن.