ژمارەیەك هێزی زێرەڤانی لەهەولێر خۆپیشاندانیان كرد

‌هێزی زێرەڤانی
ئەمرۆ ژمارەیەك لەهێزەكانی زێرەڤانی لەبەردەم زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر خۆپیشاندانێكیان سازدا‌و فەرماندەیەكی ئەو هێزەش دەڵێت هۆكارەكەی دواكەوتنی موچە‌و دەوام نیە.

سەبارەت بە خۆپیشاندانی ئەمرۆ ژمارەیەك لە هێزەكانی زێرەڤانی، عەمید سەید هەژار، جێگری فەرماندەی هێزی زێرەڤانی بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند: ئەو پێشمەرگە زێرەڤانیانەی ئەمڕۆ لە بەردەم زانكۆی سەڵاحەددین گردبوونەوەیان ئەنجام داوە، ژمارەیان زۆر كەمە و ئەوە نییە كە لە راگەیاندندا بڵاو بووەتەوە؛ ئەو دەڵێت، هۆكار دواكەوتنی مووچە و دەوام نییە، بەڵكە لەبەر ئەوەیە كوڕی فەرماندەی فەوجی پێشوو، دەیەوێت بە شێوەیەكی نایاسایی ببێتە فەرماندەی فەوج.

وتیشی: (محەممەد تاهیر) فەرماندەی فەوج بووە و كوڕەكەیشی پلەی ملازمی هەیە، هەڵبەت دەیەوێت لە شوێنی باوكی دابنرێت كە بە هۆی تەمەنەوە خانەنشین كراوە، بەڵام هیچ یاسایەك نییە رێگا بدات ملازمی پلە دوو ببێتە فەرماندەی فەوج، هەر بۆیە لەبەر ئەوەی نەكراوە، ئەمڕۆیش ئەو گردبوونەوەیان ساز داوە، نەك بۆ دواكەوتنی مووچە و دەوامكردن".

ئاماژەی بەوەشدا: ئەو ژمارەیەی لە میدیاكاندا باسی دەكەن كە زیاتر لە ٣٠٠ كەس دەبن، راست نییە و نزیكەی ٢٠ كەس بوون و لەوە زیاتر نەبووە.

ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئەوانە سەر بە یەكەی پاسەوانین و ویستوومانە رێكیان بخەین و ئەوانەش ئەمەیان ناوێت و دەیانەوێت بە شێوەیەكی هەڕەمەكی دەوام بكەن، كە ئەمەش ناكرێت و لە ئێستادا فەرماندەی فەوجێكمان بۆ داناون و هیچ كێشەیەكیان نامێنێت".

راشیگەیاند: "ئەو زێرەڤانیانە مووچەیشیان لەگەڵ یەكەی پاسەوانییە و هەر كاتێك مووچە وەربگرن، ئەوانیش مووچەی خۆیان وەردەگرن، چونكە مووچەی ئەوان بە مانگێك لە دوای ئێمە وەردەگیرێت و ئەمەیش دەمێكە بەو شێوەیەیە و نوێ نییە".



PM:02:04:14/09/2015