دووشەممە دەگاتە كوردستان.. هەرێم مانگانە بڕی 850 ملیۆن دۆلار پارەی نەوت وەردەگرێت

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەی كە نەوتی كوردستانی پێ دەفرۆشرێت، رێككەوتن كراوە كە 850 ملیۆن دۆلار مانگانە بە كوردستان بدرێت و لە سەرەتای ساڵی 2016 بە نەوت قەرەبووی كۆمپانیاكە بكرێتەوە. دەشڵێت، رۆژی دووشەممە پارە دەگات و مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانیش دابەش دەكرێت.

دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی وت: "(ئاشتی هەورامی) لە لەندەنە بۆ دابینكردنی مووچەی مانگی7 و شەوی رابردوویش قسەم لەگەڵی كرد كە لەسەر داوای (نێچیرڤان بارزانی) چووەتە ئەوێ بۆ دابینكردنی پارەی مووچەی مانگی 7، پارەكەیش لەو كۆمپانیایە وەردەگیرێت كە نەوتی كوردستانی پێ دەفرۆشێت".
وتیشی: "ئەگەر كێشەی دابەزینی نەوت نەبێت، پارەی مووچە ئامادەیە، بەڵام كاتێك ئێمە رێككەوتنمان لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە كرد، بەرمیلی نەوت بە 65 دۆلار بوو و 55 دۆلار بۆ كوردستان دەمایەوە، بەڵام ئێستا 39 دۆلار دەمێنێتەوە، (ئاشتی هەورامی)ـیش پێی گوتم كە كۆمپانیاكە 850 ملیۆن دۆلاری مانگانە دەداتە هەرێم، بەو مەرجەی ئێمە هەناردەی نەوتی رۆژانە لە 550 هەزار بەرمیلەوە زیاتر بكەین".

ئەوەیشی خستە روو، وەزیری سامانە سرووشتییەكان لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە رێك كەوتووە و پارەی مووچە دابین دەكرێت. گوتیشی: "لەگەڵ كۆمپانیاكەدا رێككەوتن كراوە كە 850 ملیۆن دۆلاری مانگانە بە كوردستان بدرێت و لە سەرەتای ساڵی 2016ـیش بە نەوت قەرەبووی كۆمپانیاكە بكرێتەوە".

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی هەروەها دەشڵێت، پارەی مووچەی پێشمەرگە پێش جەژن دەدرێت، چونكە (ئاشتی هەورامی) گوتی مووچەی پێشمەرگە دابین كراوە و تا دووشەممە پارەكە دەگاتە كوردستان و پێش جەژنیش مووچەی پێشمەرگە دەدرێت، كە ئەمەیش فەرمانی سەرۆكی حكوومەتە.



PM:02:47:19/09/2015