حاكم قادر: ئاگامان لە پارە‌و شیرینی نەوت نەبووەو نییە كە كێ وەریگرتووە

‌حاكم قادر
ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت نەخۆی‌و نە ژمارەیەك لە هەڤاڵانی ئاگایان لە پارەی نەوت‌و شیرینی نەوت نەبووە‌و نیە كە كێ وەریگرتووەو چی لێكراوە.

حاكم قادر له‌راگه‌یه‌ندراوێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردوه‌ مەلەفی نەوت‌و شیرینی نەوت‌و گرێبەستە نەوتییەكان، بۆتە باس‌و گفتوگۆی میدیاو خەڵك‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و لایەنە سیاسییەكان‌و حكومەتی هەرێم لەلایەك، هەروەها كێشەو گرفت لە نێوان هەولێر و بەغدا لەلایەكی تر.

ده‌ڵێت "ئەم مەلەفەم لە چەندین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی باسكردووە و بەنوسراویش پێشكەشم كردووە، مەترسی‌و كاریگەرییە خراپەكانی‌و دەرهاویشتەكانی داهاتوویم خستۆتەڕوو، كە ناكرێت ئەم پرسە لە دەرەوەی سیستم و ناڕوونی و ناشەفافیەتدا بێت و ناكرێت لەدەرەوەی چاودێریكردنی هەناردەو داهاتدا بێت".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌، راشیگه‌یاندوه‌ لەئێستاشدا كە رۆژانە نەوت بەرێژەیەكی زۆر زیاتر لە رابردوو بەڕێ دەكرێت، بەڵام پێشمەرگەو فەرمانبەران بێمووچەن‌و خەڵك بێ خزمەتگوزارین‌و زۆربەی كەرتەكانی بازرگانی‌و وەبەرهێنان‌و سەرمایەگوزاریی ناوخۆیی‌و بیانی لە هەرێم پەكیان كەوتووەو زۆربەی هەرەزۆری سێكتەرەكان تووشی قەیران بوون".

وتەكانی حاكم قادر لەكاتێكدایە كە دوێنێ پەرلەمانتارێكی یەكێتی ئاماژە بە بوونی 3 ملیاردۆلار پارەی فرۆشی نەوت بە بانكێكی هەولێر كردبوو.

عیزه‌ت سابیر سه‌رۆکی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان بە ماڵپەڕی "میللەت"ی وت: حکومه‌ت نزیکه‌ی 3 ملیار دۆلاری هه‌یه‌ و که‌ له‌ فرۆشتنی نه‌وتدا ده‌ستی که‌وتوه‌ و ئه‌م پاره‌یه‌ش له‌لای بانکی کوردستانی نێوده‌وڵه‌تی و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کانه‌''.

زیاتر بخوێنەرەوە.


حاكم قادر لە درێژەی لێدوانكەیدا هۆشداریشده‌دات چیتر دواخستن‌و ناڕوونی ئەم مەلەفە دۆخی هەرێم خراپ‌و قەیراناوی تر دەكات.

پێشنیار دەكات ئەنجومەنی وەزیران‌و لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان، راستییەكان بۆ خەڵك بخەنەڕوو، بە بەڵگەو دۆكیۆمێنتەوە.

هەر دوێنێ جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی لەمەڵبەندی سلێمانی یەکێتی لە کۆڕێکی فراواندا وتی" سه‌باره‌ت به‌قه‌یرانی ئابوری، قوباد تاڵه‌بانی داتاو ئامارێكی زۆر وردی خسته‌ڕوو سه‌باره‌ت به‌داهات و فرۆشی نه‌وت و خه‌رجی حكومه‌ت و وتی: داهاتی سه‌ره‌كیمان بێگومان نه‌وته‌، به‌ڵام خۆزگه‌ كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گومرگ و باج بوایه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌م دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌ له‌جیهاندا كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ نه‌بوایه‌".

هەندێک ناوەند ئەو لێدوانەی حاکم قادر بەوەلآمێک دەزانن بۆ ئەو لێدوانەی دوێنێی قوباد تاڵەبانی کەهەردووکیشیان لە دوو باڵی جیاوازن.

PM:03:55:05/10/2015