راگەیەنراوی پارتی لە سلێمانی: لایه‌نێکی دیاریکراو ئیستیغلالی داواکارییه‌کانی خه‌ڵک ده‌کات

وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، رایده‌گه‌یه‌نێت:" لایەنێکی دیاریکراو ئیستغلالی داواکارییە رەواکانی خەڵک دەکات و خەڵک ئاراستە دەکەن بۆ پەلاماردانی بارەگاکانی پارتی."

فارس نه‌ورۆڵی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، روونکردنه‌وه‌یه‌ک بڵاو ده‌کاته‌وه‌ و تیایدا رایده‌گه‌یه‌نێت:"  جەماوەری خۆڕاگری کوردستان هاوڵاتیانی خۆشەویستی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان  و راپەرین، لەکاتێکدا ناوچەکە بەرەو گۆڕانکاری گەورە دەڕوات و کوردستانیش بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی پێویستی بەخۆڕێکخستنە، لەم کاتەدا لەبری ئەوەی ناوماڵی خۆمان رێکبخەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێک و ئەگەرێک، بەڵام بەداخەوە لایەنێکی دیاریکراو ئیستغلالی داواکارییە رەواکانی خەڵک دەکات و خەڵک ئاراستە دەکەن بۆ پەلاماردانی بارەگاکانی پارتی.

پارتی ده‌شڵێت:"سەری زمان و بنی زمانی ئەمانە ئەوە بوو دەیانوت پارتی بەگولـله‌ وەڵامی بەرد دەداتەوە، کەچی بەرد وەشێنەکانی ئەوان لە ناوچەی کەلار بارەگا دەسوتێنن و 2 کادر شەهید دەکەن و 9 ی دیکەش بریندا دەکەن. "

هه‌ر له‌و روونکردنه‌وه‌یه‌دا هاتووه‌:" لەم کاتەدا بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی کوردانەمان بۆ ئەوەی خوێن نەڕژێ‌ و برین زیاتر قوڵ نەبێتەوە، ئێمە هەندێک لە بارەگاکانمان تەسلیمی دامودەزگا حکومییەکانی ئەو دەڤەرانە کردووە، چونکە ئێمە لە موعاناتی خەڵکی بە شەرەفی کوردستان تێدەگەین، لەلایەکی تریشەوە دڕندەیی داعش دەناسین، کەخۆیان مەڵاس داوە لەگەڵ ناحەزەکانی تری گەلی کوردستان، بۆ ئەوەی سود لە پشێوی ناوخۆی کوردستان وەرگرن."

له‌ کۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌یدا، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، رایده‌گه‌یه‌نێت:" ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و ئاوەدانی و ئارامیداین، بەڵام دەبێ‌ یاساش سنوورێک بۆ ئەم سەرکەشی و کولتورە فاشیە دابنێت کە هەرلایەنێک بێتو ئیستغلالی داوای خەڵک بکات و چەواشەیان بکات و هەڵبکوتێتە سەر نەیارەکانی ."



PM:02:18:11/10/2015