وەزارەتی پێشمەرگە داواكارییەك ئاراستەی لایەنە سیاسییەكان دەكات

وەزارەتی پێشمەرگە لەڕاگەیەندراوێکدا داوا لەھەموو چین و توێژی ھاوڵاتیان و لایەنە سیاسیەکان دەکات دور لەتوندوتیژی و پەلاماردانی بارەگا و دام و دەزگاکان داوا ڕەواکانیان پێشکەش بکەن و دەڵێت"ناکرێت پێشمەرگە لەسەنگەری بەرگریدابێت و  دڵیان لای خێزان و کەس و کار و ماڵ و منداڵیان بێت".


دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ھاولاتیان و ھاو نیشتیمانیانی خۆشەویستی کوردستان
خۆتان دەزانن ھیزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و ھیزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ١٠/٦/٢٠١٤ وە بە ھەموو توانایەکیانەوە روبەرووی شەری تیرۆرستانی داعش بوونەتەوە و پاریزگاری و بەرگری لە خاکی کوردستان و خەلکی بە شەرەفی کوردستان دەکەن و لەو پێناوەشدا زۆرترین قوربانی و شەھید و بریندار و دیلیان داوە .
لە کاتێکدا کە ئەوان لە سەنگەری بەرگریدان ناکرێت دلیان لای خیزان و کەس و کار و مال و مندالیان بێت.بۆیە داوا لە ھەموو چین و توێژی ھاولاتیان و لایەنە سیاسیەکان دەکەین کە بە شیوازێکی ھیمنانە و ئاشتیانە و بە رێگای یاسایی داوا رەواکانیان پێشکەش بکەن دور لە توندوتیژی و پەلاماردانی بارەگا و دام و دەزگا و شوێنە گشتیەکانی لایەنە سیاسیەکان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەردەوامبین لە بەرگری و پارێزگاری کردن لە کوردستان و خەلکی کوردستان بە ھەمان ورەی بەرز و ئازایەتیەوە...
وەزارەتی پیشمەرگەی ‌حکومەتی ھەریمی کوردستان
١١-١٠-٢٠١٥



PM:05:17:11/10/2015