تەندروستی داوا لەهاوڵاتیان دەكات ئاو بكڕن

تەندروستی سلێمانی هاوڵاتیان دڵنیا دەكاتەوە لە نەبوونی توشبوانی نەخۆشی كۆلێرا‌و دەشڵێت "دەزانین خەڵك پارەی نیە، بەڵام ئاو بكڕن باشترە".

د. میران محەمەد بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ھەموو دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی دڵنیادەکاتەوە، تائێستا ھیچ حاڵەتێکی نەخۆشی کۆلێرا تۆمارنەکراوەو سلێمانیش تەنھا پارێزگای عیراقە کە ئەو نەخۆشییەی تێدا تۆمارنەکراوە.

وتیشی:"داوا لەسەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کۆمپانیاکانی ئاسیاسێڵ و کۆڕەک دەکەین ھاوکاریمان بکەن بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری تەندروستی تا ھاوڵاتیان زیاتر ئاشنابن بەچۆنێتی خۆپاراستن لەتووشبون بەنەخۆشی کۆلێرا".

لەبارەی ئاوی سلێمانی و زەردبوونی ڕەنگەکەی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی وتی:"بەگوێرەی پشکنین و تاقیکردنەوەکان، تێکچوونی ڕەنگی ئاوەکە ھیچ کێشەیەکی بۆ تەندروستی ھاوڵاتیان نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە دەزانین موچەو پارەیان نییە، ئەگەر بتوانن ئاو تەنھا بۆ خواردنەوە بکڕن باشترە".

د.میران داوای لەھاوڵاتیانیش کرد، لەم ماوەیەدا کەمترین سەوزە بەکاربھێنن یاخود ھەر بەکاری نەھێنن باشترەو بەھیچ شێوەیەکیش خواردنی سەر عەرەبانەکان نەخورێت باشترە.



PM:02:50:18/10/2015