قائیمقامی شەنگال دان بە تاڵانیدا دەنێت لەشارەکە ئەنجام دەدرێت

شاری شەنگال کە رووبەرووی گەورەترین تاوانی جینۆساید بۆتەوە، شارەکە شەش رۆژە رزگارکراوە، قائیمقامی ئەو شارە دان بەوەدا دەنێت دزی و تاڵانی لەو شارە ئەنجام دەدرێت.

لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی حیزبەکەی ( مەحما خەلیل ) دان بەوەدا دەنێت کە لەشەنگال تاڵانی دەکرێت و لیژنەی بۆ دروستکردووە تا بەر لەو تاڵانییە بگیرێت، بەڵام ناڵێت ئەوانە کێن تاڵانی دەکەن چەکدارن، یان مەدەنین.

قایمقامی شارۆچکەی شنگال بەماڵپەڕی حیزبەکەی راگەیاندووە" ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی زۆربەی دامودەزگاکان و نوێنەری لقی 17ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان، ژوورێکی عەمەلیات لە شنگال دروست کرا، تا هەر کەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر ماڵ و مڵکی خەڵکی یه‌كڕاست به‌گوێره‌ی یاسا سزا بدرێ.

(مەحما خەلیل) قایمقامی شارۆچکەی شنگال دەشڵێت" خەڵکی شنگال دەیانەوێ بگەڕێنەوە شارەکە، بەڵام هەندێک خەڵک کە دێن بۆ شارەکە خەڵکی شنگال نین، دەیانەوێ ماڵی هاووڵاتییان تاڵان بکەن، بەڵام ئەمڕۆ هەندێک هەنگاوی یاسایمان ناوە، هەندێک بازگەمان داناوە و نەمان هێشت ئەمڕۆ ئۆتۆمبێل بێته‌ نێو شنگال، هەر لەبەر ئەمەیش ئەمڕۆ 70% ئەو بارودۆخە کۆنتڕۆڵکرا و بەردەوام دەبین لە کۆنتڕۆڵکردن و بە دواداچوون، لەگەڵ ئەوەیشدا ئاساییش و پۆلیس کاری خۆیان دەکەن و لەنێو شنگالدا بڵاوەیان پێ کراوە، هەر هاووڵاتییەک کارێکی نابەجێ بکات، بەگوێره‌ی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە.
گوتیشی:  ئەمڕۆ ژوورێکی عەمەلیاتمان له‌ شنگال دروست کرد و نوێنەری زۆربەی دامودەزگاکان و نوێنەری لقی 17ـی پارتیی تێدایە و بەردەوام کاری خۆیان دەکەن".
شنگال رۆژی هەینی رابردوو ١١/١٤ لە دەستی داعش ئازادکرا.



PM:12:14:18/11/2015