عەلی حەمە ساڵح دۆسیەکەی نەوتی هەڵدایەوە

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان دوای هەڕەشەکەی، دۆسیەی نەوتی هەرێمی هەڵدایەوەو ڕایگەیاند " مانگانە بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە پارەی نەوتی هەرێم دیار نامێنێت".

عەلی حەمە ساڵح جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانی "نەوتی کوردستان چی لێ دێت؟" ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، مانگانە سەرەڕای ئەو پارەیەی دەدرێت بە مووچەخۆران، "بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری تر دیار نامێنێت".

ئەو پەرلەمانتارە کە زۆربەی چالاکییەکانی خۆی بۆ بواری ئابوری تەرخانکردووە لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوە ئاشکرا دەکات " ئاستی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركوك لە سێ‌ مانگی رابردوودا زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بووە و هەمووی لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدا بووە، فرۆشتنی ئەم نەوتە دابەش بووە بەسەر سێ‌ بەشدا:
یەكەم: فرۆشتنی نەوت لەڕێگای بۆری، بەڕۆژانە تێكڕا ٦٢٠ هەزار بەرمیلە، ٣٠٠ هەزاری هی پێنج كێڵگەكەی كەركوكە و ٣٢٠ هەزاری هی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانە.
دووەم: پاڵاوتنی نەوت لە ناوخۆدا، ١٢٠ هەزار بەرمیل لە پاڵاوگە مۆڵەتدارەكانی بازیان و كەڵەك دەپاڵێورێت ‌و نزیكەی ٤٠ بۆ ٥٠ هەزار بەرمیلیش بۆ پاڵاوگە بێ‌ مۆڵەتەكانە.
سێیەم: ئەوەی دەمێنێتەوە بە تانكەر دەڕوات ‌و ئەستەمە ئەم ڕێژەیە بە وردی دیاریبكرێت، لەبەر ئەوەی لە چەندین شوێنی جیاوازە و ڕێكنەخراوە و ناڕوونە، بۆنمونە ڕۆژانە تەنیا لە مەرزكەكانی باشماخ و پەروێزخان نزیكەی ١٠٠٠ تانكەر دەڕواتە دەرەوە".

عەلی حەمە ساڵح باس لەوە دەکات "ئەگەر تێكڕای پارەی ماوە بە بۆری ئەژماربكرێت و نرخی بەرمیلێك بە ٣٥ دۆلار بخەمڵێنرێت، ٦٥١ ملیۆن دۆلار دەكات، هەروەها تێكڕای تانكەر و پاڵاوتن بە ٣٠ دۆلار بخەمڵێنین، كە ئەگەر ئاستی بەرهەمی نەوتی كەركوك و كوردستان یەك ملیۆن بەرمیلیش بێت، كەواتە:٣٨٠ هەزار بەرمیل بە پاڵاوتن و تانكەر دەڕوات، بڕی پارەكە دەكاتە ٣٤٢ ملیۆن دۆلار".
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەڵێت "بەلای كەمەوە داهاتی مانگانەی نەوت ٩٩٣ ملیۆن دۆلارەو پارەی پێویستیش بۆ موچە ٧٠٠ ملیۆن دۆلارە، ئەی كەواتە بۆ موچە نادرێت."؟

لە نووسینەکەی ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ کردووە، بۆ ئەو لێكۆڵینەوەیەی ئەمڕۆ بڵاویکردنەوە، سێ‌ مانگی وەك نمونە وەرگرتووە كەچەند پارەی ئەم نەوتە گەڕاوەتەوە؟ و دەڵێت" لە مانگی هەشتدا، ٤٢٢ ملیۆن دۆلار دراوە بە مووچە جیاوازی لەگەڵ داهاتی فعلی كە نزیكەی ٩٩٣ ملیۆن دۆلار، بڕی پارەی دیار نەبوو ٥٧١ ملیۆن دۆلارە، لە مانگی نۆدا، بڕی ٤٠٨ ملیۆن دۆلار دراوەتە مووچە، بڕی پارەی دیارنەبوو، ٥٠٨ ملیۆن دۆلارە، لە مانگی ١١دا ئەو پارەی تاوەكو ئێستا دابەشكراوە، نزیكەی ٤٥٠ ملیۆن دۆلارە، ئەوەی دیارنییە نزیكەی ٤٥٣ ملیۆن دۆلارە، واتە بەگشتی مانگانە نزیكەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەم پارە دیارنییە".

عەلی حەمە ساڵع دەڵێت" ئەگەر، سەلماندنی دیارنەبوونی ئەم پارەیە بەشێوەیەكی دیكە بكەین و مانگی نۆ وەك نمونە وەربگرین، ئەو پارەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان داویەتی بە وەزارەتی دارایی ٤٠٨ ملیۆن دۆلارە و پارەی تەنیا ٣٤٢ هەزار بەرمیل نەوتە، لەكاتێكدا ئاستی بەرهەمی نەوت كە سەلمێندراوە یەك ملیۆنە، ئەی پارەی ٦٥٨ هەزار بەرمیلەكە چی لێهات؟".



PM:12:23:30/11/2015