پارتی: چاوپۆشی له‌و هه‌وڵه‌ تێکده‌رانه‌ ناکه‌ین که‌باره‌گاکانمان ده‌که‌نه‌ ئامانج

سه‌رکردایه‌تی پارتی پێیانوایه‌ "هەوڵێكی تێكدەرانە لە هەندێ لە ناوچەكانی كوردستاندا لە ئارادایە بۆ  هێرشكردنە سە بارەگاكانی پارتیمان بە مەبەستی ئاڵۆزتركردنی بارودۆخەكە كە، ئێمه‌ وەكو پارتی چاوپۆشی لەو كارە مەترسیدارانە ناکه‌ین".

هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ر داوای بارزانی ئه‌مڕۆ سه‌رکردایه‌تی پارتی کۆبووه‌وه‌، به‌ڵام کۆبوونه‌وه‌که‌ له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانیی جێگری سه‌رۆکی پارتیه‌وه‌ سه‌رکردایه‌تی کرا، چونکه‌ مه‌سعود بارزانی فریای کۆبوونه‌وه‌که‌ نه‌که‌وت و له‌ده‌ره‌وه‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ سه‌رکردایه‌تی پارتی راگه‌یاندنێکی بڵاوکرده‌وه‌ که‌ له‌بڕگه‌یه‌کیدا هاتووه‌ "  سەبارەت بە بڕیاری جەنابی سەرۆكی هەرێم بۆ چاكسازی لە حكوومەت بە پێویستی ئەم بارودۆخەی دەزانین بۆ كەمكردنەوەی قورسایی سەرشانی هاووڵاتیان لەرووی ئابووری و ئیداریەوە".

دەقی راگەیاندراوەکە:

بە سەرپەرشتی (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆك، كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتیمان لە ١٨/٢/٢٠١٦ ئەنجامدراو ئەم بابەتانە گفتوگۆ و بڕیاریان لە بارەوە درا:
* پرۆسەی سیاسی لە عێراق رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر ئالّۆزتر دەبێت و رەهەندی نوێ و جیاوازتر لە پێشوی لێ پەیدا دەبێت، لە رووی پەیوەندییەكان بە وڵاتانی عەرەبی و دراوسێكانی و دونیا بەگشتی و، لەرووی بەشداری و هاوبەشیی پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئایینی و ئاینزایی بە تایبەتی. بە تایبەتی تریش لەم كابینەیەدا كە سیاسەتی پەراوێز خستنی كورد لە داڕشتنی بڕیار و سیاسەتی گشتیی ناخۆیی و دەرەكیدا،  ئەم رەوتە لادانە لە رێككەوتن و پێكەوەكاركردن و هەمان بڕوبیانوی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكان دووبارە دەكاتەوە. لە لایەكی دیكەوە حكوومەتی بەغدا هیچ ئیلتیزامێكی دەستووری و یاسایی سەبارەت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان جێبەجێ ناكات، لە كاتێكدا كە لە شەڕێكی قوڕسدایە لە بەرامبەر تیرۆریستان و بەرگری لە نیشتیمان دەكات، هەروەكو هەوڵێكی جدیش نادات بۆ سوككردنی باری ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەو پەنابەرانەی كە رویان لە كوردستان كردووە. ئەمانەو چەندین رەفتارو كرداری دیكەی دەسەڵات بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، لە بڕینی موچەو شایستە داراییەكانی كوردستان گرفتی بۆ هاونیشتمانیانی كوردستان دروست كردووە كە بەبێ پێداچوونەوە و ڕاستكردنەوەی ئەم رەفتارانە بارودۆخی عێراق و پرۆسەی سیاسی بەرەو ئاقارێكی خراپتر لە ئێستا دەبات. ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ زامنكردنی مافی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئاینزایی داین و، دەبێ دەوڵەتی عێراق لە لایەن هەموانەوە بە هاوبەشی و هاوكاری بەرێوە بچێت. هەروەها سەبارەت بە پێشنیاری ئەم دواییەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، كۆبوونەوە پشتگیریی لە وەڵامی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات كە دەڵێ، ئەگەر حكومەتی عێراق ئامادەبێت تەواوی مووچەی هەموو فەرمانبەران و پێشمەرگە بدات، ئەوا حكوومەتی هەرێم ئامادەیە بڕە نەوتی پێویست رادەست بكات. لە هەمانكاتدا داوا لە حكوومەتی فیدرال دەكەین كە قەرزەكانی هەرێم، بەتایبەتی قەرزەكانی ساڵی ٢٠١٤ بداتەوە.
* بارودۆخی ناوخۆیی كوردستان: پێكەوە ژیانی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی،  سەرچاوەی ئاشتی كۆمەڵایەتی و زاڵبوون بەسەر گرفت و ئاستەنگەكان و پێشكەوتنی بوارە جیاجیاكانی ژیانی كۆمەڵگا دەزانین و، بەردەوام لە هەوڵ دابوین زمانی دیالۆگ و لێكحاڵی بوون بنەما بێت بۆ لێكنزیك كردنەوەی جیاوازیەكانمان و، دژی دەستەبەندیی دژ بە یەك و لۆژیكی پیلان و پشت شكاندن بوین، چونكە باوەڕمان بە هەبوونی بیروبۆچون و ئایدۆلۆژیای جیاواز هەبووەو هەیە و، دژی زاڵبوونی بەرژەوەندیی حزبی بووین بەسەر بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانماندا. ئەم بارودۆخەی ئێستای كوردستان و ناوچەكە لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە تەبایی و یەكڕێزیی هەیە و لەو راستایەشدا  درێغیمان نەكردووە، لەمەودواش درێغی ناكەین بۆ دروستكردنی، چونكە ئەم روداو و پێشهات و ئەگەرانەی هەن بەرپرسیاریەتی دەخاتە سەرشانی هەموو لایەك و ناكرێت بە پاساوی دور لە واقیع خۆی لێ بدزرێتەوە. بە زەرورەت و بەرژەوەندی گەلەكەمانی دەزانین بە خۆداچونەوە هەبێت و بە نەفەسێكی سەردەمیانەو یەكتر قبوڵكردن مامەڵە لەگەڵ یەكترو لەگەڵ واقیعەكەدا بكەین دور لە هەستی رق و تۆڵەكردنەوە.
هەرچەندە لەم دواییانە هەوڵێكی تێكدەرانە لە هەندێ لە ناوچەكانی كوردستاندا لە ئارادایە بۆ هاندان و ئاڕاستەكردنی كەسانێك بۆ هێرشكردنە سە بارەگاكانی پارتیمان بە مەبەستی ئاڵۆزتركردنی بارودۆخەكە كە، بێگومان نە جەماوەری كوردستان و نە لایەنە خەمخۆرەكانی كوردستان و نە ئێمەش وەكو پارتی چاوپۆشی لەو كارە مەترسیدارانە هەرگیز ناكەین كە مەرامی هەندێ خەڵك و لایەنی دەرەوەی سنووری باشوری كوردستانە.
* قەیرانی دارایی و باری بژێوی هاونیشتمانیان لەبەر چەندین هۆكار بەرەو خراپبون چووە، ئەمە ئەركی لایەنێك و دوو لایەن و حكوومەت بە تەنیا نییە كە لەخەمی چاككردن و بەرەنگاربونەوەی بێت، بەڵكو ئەركی هەموو لایەنە سیاسییەكان و تاك تاكی خەڵكی كوردستانە، شان بدرێتە بەر چاكسازی و چاككرنەوەی هەڵەكان و سیاسەت و نەهجی بەرێوەبردن بە شێوازێك بێت كە گۆنجاو بێت لەگەڵ پێویستی قۆناغەكەو پێشكەوتنەكان و، دابینكردنی ژیانێكی ئاسودە لە هەموو روێكەوە بۆ هاووڵاتیان. چاكسازی و هەوڵە بەردەوامەكانی حكوومەتی هەرێم لەو بارەوە بە باشی دەنرخێنین و پشتیوانی دەكەین، هەروەكو پشتیوانی لە داوا رەوا و یاساییەكانی خەڵكی كوردستان بە گشتی و مووچە خۆران بە تایبەتی دەكەین، كە بە رێگای یاسایی و ئاشتیانە داواكانیان بخەنەڕوو، دوور لە هاندان بۆ توندوتیژی كە رەوشەكە پتر ئالۆز دەكات و، بەمەش ئاشتیی كۆمەڵایەتی دەكەوێتی بەر مەترسی.
* سەبارەت بە بڕیاری جەنابی سەرۆكی هەرێم بۆ چاكسازی لە حكوومەت بە پێویستی ئەم بارودۆخەی دەزانین بۆ كەمكردنەوەی قورسایی سەرشانی هاووڵاتیان لەرووی ئابووری و ئیداریەوە و بە هەنگاوێكی دڵسۆزانەی دەزانین و، بەو بۆنەوە كۆبوونەوە پشتیوانی بێ سنووری خۆی بۆ دەردەبڕێت.
* هەروەها سەبارەت بە بڕیاری چاكسازی و رێكخستنەوەی كاروباری كارگێڕی و دارایی لە ناو پارتیدا بە هەنگاوێكی پێویست بۆ پتر بەدیهێنانی دادپەروەری و شەفافیەت دەزانردرێ، بۆیە لەلایەن تێكڕای دامودەزگاكان هاوكاری و ئاسانكاری پێویستی بۆ دەكرێت و، كۆبوونەوە لە روانگەی دڵسۆزیی ئەم هەنگاوە پشتیوانی خۆی دەردەبڕێ.

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمان و خۆڕاگرەكانی كوردستان
سڵاو لە كەسوكاری شەهیدانی سەر بەرزی كوردستان
سەركەوتن بۆ ئیرادەی گەڵەكەمانە
بژی كورد بژی كوردستان
ئەنجومەنی سەركردایەتی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٨ ی شوباتی ٢٠١٦



PM:05:00:18/02/2016