دوای سێ‌ یاری، هەڵەبجەییەكان تامی بردنەوەیان نەكرد

 لە قۆناغی  یەكەم و هەفتەی چوارەمی خولی پلە یەكی كوردستان، لە گرووپی سێیەم هەڵەبجە میوانداری سەورەی شاری كەركوكی كرد.


كاتژمێر (3:00)ی تەواو ناوبژیوان فیكەی دەستپێكی یارییەكەی لێداو هەڵەبجەییەكان لەسەرەتای یارییەكەوە بە پاڵپشتی هاندەران و یاریگاو شاری خۆیان ویستیان هەرزوو ئەنجامی یارییەكە لە بەرژەوەندی خۆیان بگۆڕن و هێرش لەدوای هێرشی بەردەوام زەنگی ئاگاداركردنەوە بوو بۆ تیپەكەی شاری كەركوك كە تۆڕی گۆڵەكەیان بەسەر بكەنەوە.


بەڵام یانەی میوان دەستەو وەستان نەبوون لەبەرامبەر ئەو هێرشانەو بەتایبەت لەڕێگەی تۆپی بەرزەوە بەرپەرچی مەترسییەكانی هەڵەبجەیان دایەوە، لەكاتێكدا لێهاتوویی هەردوو گۆڵپارێز لە پاراستنی تۆری گۆڵەكانیاندا بەروونی بەدیاركەوت هەرچەندە لە دوا خولەكەكانی تایمی یەكەمدا بەهۆی هەڵەی بەرگریكارێكی سەورەوە هەڵەبجە زۆر نزیك بوو لەوەی ئەنجامی یارییەكە لە بەرژەوەندی خۆیان بگۆرن، بەڵام ئەو هەلەش بەهۆی توانای بەرزی گۆڵپارێزی سەوەرەوە گێڕدرایەوەو ئەو گێمە بە بێ‌ گۆڵ و بە یەكسانبوون كۆتایهات.


تایمی دووەم بە هەمان ریتم و شێوازی تایمی یەكەم زۆربەی كات تۆپ لە ناوەڕاستی یاریگادا بوو، هەردوو تیپ دەیانویست لەم هەفتەیەی خولی كوردستاندا سێ‌ خاڵی گرنگ دەستەبەربكەن بەتایبەت هەڵەبجە كە لەدوو یاریی رابردوویدا یارییەك بە یەكسانبوون و یارییەكی بە دۆڕان ئەنجامدابوو، بۆیە لەم یارییەدا دەیویست قەرەبووی ئەو یارییانە بكاتەوەو هاندەرانیشی بێ‌ ئومێد نەكات كە لەژێر كەش و هەوای ساردو باراناوییدا خولەك دوای خولەك مەدرەجی یاریگایان پڕ دەكردو هانی تیپی شارەكەیان دەدا. بەڵام وەك ئەوەی ئەنجامی یارییەكە پێش وەخت دیاریكرابێت لە ئەنجامی ئەو هەموو هێرش و هەوڵە یەك لەدوای یەكانەی هەردوو تیپ چ لەرێگای هێرشی رێكخراوە بێت یان تۆپی بەرزو كۆرنەرو هێرشی هەڵگەڕاوە، سەرجەمی بێ سوودبوون و هیچ كام لە یانەكان نەیانتوانی تامی گۆڵ تۆماركردن بچێژن و سەرەنجام یارییەكە بە بێ‌ گۆڵ كۆتایهات.


دوای كۆتایی یارییەكانی ئەم هەفتەیەش پێگەی هەڵەبەبجە بە كۆكردنەوەی 2 خاڵ لە پلەی چوارەم و یەك پلە پێش كۆتای و سەورەش لە پلەی دووەم بە كۆكردنەوەی 5 خاڵ خۆیان بینییەوە.

spee sport-  KFA-

PM:06:25:24/02/2016