ئەوانەی تەقەیان لە مەڵبەندی سێی یەکیتی کردبوو دەستگیرکران

پۆلیسی هەولێر مەیخانەی هۆتێل گاردینیای داخست‌و چەند كەسیشی دەستگیر كرد كە تەقەیان لە مەڵبەندی سێی یەكێتی كردبوو.

لەمبارەیەوە نەقیب هۆگر عەزیز، وتەبێژ و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، شەوی (24/25-2-2016) دەنگی چەند تەقەیەك لە بەرامبەر بارەگای مەڵبەندی سێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بیستران، بۆیە دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست، دەركەوت كە چەند كەسێك دەمەقەڵە لە نێوانیاندا دروست بووە و دواتر تەقەیان كردووە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كێشەكە لەنێو مەیخانەیەكی ناو هۆتێلی گاردینیا رووی داوە و تەقەكەرەكانیش دەستگیر كراون.

نەقیب هۆگر وتیشی، ئەم كێشەیە هیچ پەیوەندییەكی بە مەڵبەندی سێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە نییە و هیچ مەبەستێكی سیاسیشی لە پشتەوە نییە، هەروەها لەسەر فەرمانی پارێزگاری هەولێریش، مەیخانەكە داخراوە‌.



AM:11:13:29/02/2016