ئەنجومەنی ئاسایشی مەسرور بارزانی وەڵامی دژە تیرۆری لاهوری شێخ جەنگی دەداتەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم مەسرور بارزانی وەڵامی دژە تیرۆری لاهۆر شێخ جەنگی دەداتەوەو پێی دەڵێن" لاهوری شێخ جەنگی لە قەبارەی خۆی دەرچووە".

دوایی دوو وەڵامدانەوەی نێوان کوردستان ٢٤ و دەزگای دژە تیرۆر، ئەمجارە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم وەڵام دەداتەوەو دەڵێن" لە جیاتی وەڵامێکی لۆجیکی ئەو دەزگایە بدەنەوە ئەو نووسینەیان پڕ کردووە لە رق و کین و وشەی بازاڕی کە دەرخەری ئاستی ئەو کەسانەیە کە خاوەنی نووسینەکەن".

لەو راگەیاندراوەدا " لاهور بەردەوام تاکڕەوانە هەڵسوکەوتی کردووە و ئەو دەزگایەی بۆ مەرامی شەخسی و بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ناوەوە و دەرەوەی حیزبەکەی بەکار هێناوە و ئامرازێک  بووە بۆ تۆقاندنی نەیارانی".

دەقی راگەیاندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان:

رێکەوتی 23/3/2016، سایتی میللەت پرێس کە لاهووری شێخ جەنگی بە بودجەی وەرگیراو لە ئەنجوومەنی ئاسایش بەڕێوەی دەبات، راگەیەندراوێکی بە ناوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی دژە تیرۆر بڵاو کردۆتەوە کە سەر لە بەری هەڵچوونی هەرزەکارانەیە.
ئەم راگەیەندراوە گوایە وەڵامی هەواڵێکە کە لە سایتی کوردستان24 بڵاو کراوەتەوە، بەڵام لە جیاتی وەڵامێکی لۆجیکی ئەو دەزگایە بدەنەوە ئەو نووسینەیان پڕ کردووە لە رق و کین و وشەی بازاڕی کە دەرخەری ئاستی ئەو کەسانەیە کە خاوەنی نووسینەکەن.
دەبوایە ئەوان داوای ڕوونکردنەوە لە کوردستان24 و رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بکەن و یاخود تەنیا بڵێن ئەم بابەتە هیچ بنەمایەکی نیە، بەڵام زۆر نابەرپرسیاریانە لاهوری جەنگی لە قەبارەی خۆی دەرچووە و هەستاوە بە ئەنجامدانی زێدەڕۆیی بەرامبەر بەرپرسەکەی لە ئەنجوومەنی ئاسایش، کە هەر خودی ئەم کارە ناوبراو ڕووبەڕووی رێکاری ئیداری و یاسایی دەکاتەوە، ئەمەشیان یەکەمجار نیە ناوبراو بەو شێوەیە هەڵسوکەوت دەکات بەڵام بەداخەوە دۆخی سیاسیی هەرێم رێگر بووە لە هەر رێکارێک.
لاهور بەردەوام تاکڕەوانە هەڵسوکەوتی کردووە و ئەو دەزگایەی بۆ مەرامی شەخسی و بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ناوەوە و دەرەوەی حیزبەکەی بەکار هێناوە و ئامرازێک  بووە بۆ تۆقاندنی نەیارانی. ئەم گلەییەش بەردەوام لە ناوخۆی حیزبەکەی و دەرەوەی حیزبی هەبووە.
لە بارەی بودجەی ئەو دەزگایەشەوە زۆر ئاشکرایە کە قەیرانی دارایی هەرێم کاریگەریی لە سەر رێژەی بودجەی ئەنجوومەنی ئاسایشیش هەبووە، بەڵام لاهور لەو بودجە کەمکراوەی ئێشتاش بەردەوام بەشەکەی خۆی وەرگرتووە و دڵنیاین ئەگەر بۆ کاری لابەلا بەکار نەهێت ئەوا بەشیان دەکات.
زۆر ددانمان بەخۆدا گرت کە وەڵامی کارە هەرزەکارییەکانی لاهور نەدەینەوە، بەڵام ناوبراو هەموو سنوورێکی بەزاندووە بۆیە ئاگاداری دەکەینەوە کە ئەگەر بەردەوام بێت لەم هەڵسوکەوتانە ئەوا بە خستنەڕووی هەموو سەرپێچیی و خەراپەکارییەکانی ڕووبەڕووی یاسای دەکەینەوە.
نووسینگەی راگەیاندن
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان



PM:06:47:26/03/2016