لایەنەكان لەخورماتوو رێککەوتین لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست

‌هادی عامری و فەرماندەکانی پێشمەرگە
فەرماندەی چەکدارانی حەشدی شەعبی ‌و پارێزگاری کەرکوک رایانگەیاند كە  لەسەر راگرتنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست رێكەوتنیان كردوە.

هادی عامری، ئەمینداری رێکخراوی بەدر و فەرماندەی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووک، رایگەیاند: "رێککەوتووین لەسەر راگرتنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست، لە نزیککترین کاتدا کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان سازدەکەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت".

هادی عامری گوتی: "ئەوانەی ئەمڕۆ کوژراوان دەبێت بە شەهید حسێب بکرێن و لەلایەن حکومەتەوە قەرەبوو بکرێنەوە من لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسە دەکەم بۆ ئەوەی رێزیان لێبگیرێت".

فەرماندەی چەکدارانی حەشدی شەعبی گوتی: "بەهێچ شێوەیەک پێکدادان لەنێوان پێکهاتەکان لەو ناوچەیە قبوڵ ناکەین، هەموو ئەو کێشانە دەبێت بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت و رێگە نادەین هیچ لایەنێکیش کەڵک لە ئاڵۆزییەکانی ئەو ناوچەیە بگرێت".

هادی عامری هەروەها گوتی: "شەڕی ناوخۆ لە نیوان پێکهاتەکان هیچ یارمەتییەک بە دۆخی عێراق نادات، هەموو فەرماندە سەربازییەکان شەڕ رەتدەکەونە و دەبێت لێکتێگەیشتنمان هەبێت بۆ ئەوەی دۆخەکە ئارام ببێتەوە".

لە بەرامبەردا نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی: "من تەواوی ئەو قسانە پشتڕاستدەکەمەوە، هیچ کێشەیەک لەنێوان پێکهاتەکاندا، نییە بەڵام کەسانێک هەن کە سوود لەو ناکۆکیانە دەبینن".

پارێزگاری کەرکووک گوتی: "ئەمڕۆ دانیشتنێکی باش کرا و لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە و مەڵبەند دانیشتین، هەموومان هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی کە ئەم شەڕە لە بەرژەوندی کەس نییە و رێککەوتین دەبێت بە زووترین کات رابگیرێت".

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک گوتی: "خورماتوو هاوشێوەی کەرکووکە و دەمانەوێت ئەو پێکەوە ژیانەی کەرکووک لە خورماتووش رەنگ بداتەوە، ئەوانەی باسی ناردنی هێز دەکەن هەر خۆیان بەربەستن لەبەردەم پرۆسەی سیاسییەوە".

پارێزگاری کەرکووک سەبارەت بە هاتنی هادی عامری و کۆبوونەوەکەیان گوتی: "هاتنی عامری و شاندەکەی سەلمێنەری ئەوەیە کە تێگەیشتنی تەواو هەیە و شەڕ دەبێت لەم کاتەوە رابگیرێت، هەر کەسێکیش لە هەر پێکهاتەیەک دەسپێشخەر بووە بۆ شەڕ، دەبێت بدۆزرێتەوە و لە خورماتوو دوور بخرێتەوە".



PM:07:17:24/04/2016