هەرێم کەمال ئاغا: شەڕ لەناو تەلسقەف بەردەوامە

بەرپرسێکی باڵای یەکیتی ڕایگەیاند ئێستا شەڕ لە ناو ناحیەی تەلسقەف بە سەختی لە نێوان پێشمەرگە و چەکدارانی داعشدا بەردەوامە.

هەرێم كەمال ئاغائەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەلبەندی 4 دهۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سپی ڕاگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ داعش لە چەند لایەکەوە هێرشیانکردووەتە سەر هێزی پێشمەرگە، بەڵام ئامانجی سەرەکییان تەلسقەف بووە و لەو ناحیەیەوە داعش پێشڕەوییەکی کەمی کردووە و ئێستا لە ناو شارۆچکەکە شەڕێکی قورس بەڕێوە دەچێت".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا جگە لە فرۆکەی جەنگی بە کۆپتەری ئەپاچیش بۆردوومانی چەکدارانی داعش دەکات لە ناوچەکە.

ناوبراو جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە پێشمەرگە لە هەوڵدایە بۆ ئازادکردنی تەواوی تەلسقەف.

تەلسقەف شارۆچکەیە و سەر بە قەزای تلکێفە و ناوچەیەکی مەسیحی نشینە و لە هاتنی داعشەوە چۆڵە و بەیانی ئەمڕۆ بە پێی وتەی بەرپرسەکەی یەکێتی لە ڕێگەی چەند ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە داعش هێرشی کردووەتە سەری.



PM:12:26:03/05/2016