لیژنەیەکی نوێی لە سەر کەیسی عەبدولەتیف سەلەفی پێكهێنرا

وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەیەکی نوێی لە سەر کەیسی عەبدولەتیف سەلەفی پێکهێنا و بڕیاریدا بە یەکجاری لە پۆستی یاریدەدری ڕاگری پەیمانگەی زانستە ئیسلامیەکان بەخشراوە.

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا كە ئێن ئار تی بڵاویكردوەتەوە، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی نوێ لە سەر کەیسی عەبدولەتیف ئەحمەد، ناسراو بە عەبدولەتیف سەلەفی.

لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە هەردوو ئەو لیژنانەی کە پێشتر بۆ بەدواداچون لە کەیسەکە پێکهێنرابوون، وەک پێویست بەدوداچونیان نەکردووە هەر بۆیە بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی نوێیانداوە.

لە نوسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا کە واژۆی یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵای لەسەرە، بڕیاردراوە بە بەخشینی عەبدولەتیف سەلەفی لە پۆستی یاریدەدری ڕاگری پەیمانگەی زانستە ئسیلامیەکان، بەو پێیەش ئەنجامی لیژنەکە هەر ئەنجامێکی هەبێت عەبدولەتیف لە پۆستی یاریدەدری ڕاگر دوور دەخرێتەوە.

هاوکات ئاماژەبەوەشکراوە لە پڕۆسەی وانە وتنەوە و خوێندن دوور دەخرێتەوە تا ئەو کاتەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لیژنەکە ئاشکرا دەکرێن.

جگەلەوە داوا کراوە لیژنەیەکی پسپۆڕ پرسیارەکانی ئەو وانەنی کە عەبدولەتیف سەلەفی وانەی وتونەتەوە دابنێن بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ.



PM:03:40:16/05/2016