سپی چۆنێتی ئەو بڕە پارەیەی ئەمریکا ئاشکرا دەکات کە دەدرێت بە پێشمەرگە

حکومەتی ئەمەریکا بڕێکی باش پارە دەدات بە وەزارەتی پێشمەرگەو هاوکات لەو پارەیش کە دانراوە بۆ چەک کڕین بۆ سووپای عێراق، بڕێکی بەرچاوی تەرخانکراوە بۆ چەک کڕین بۆ پێشمەرگە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە سپی راگەیاند" ئەمەریکا بڕی ٤٢٥ ملیۆن دۆلار دەدات بەوەزارەتی پێشمەرگە بۆ پێدانی مووچەی ٦٠ هەزار پێشمەرگە".

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پسی کەوتووە، وەک بنەمایەک بۆ هەر پێشمەرگەیەک بڕی ٦٠٠$ شەش سەد دۆلار مانگانەی بۆ دەستنیشانکراوە، ئەمە جگە لەوەی هەرێم خۆی مووچەی ئەفسەرو پلەدارەکان لەو پارەیە رێکدەخات.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لەو بڕە پارەیە جلوبەرگی پێویست و خواردنیش بۆ پێشمەرگە دەکڕدرێت، بەپێی زانیارییەکان پلانی ئەمەریکییەکان بەوشێوەیەی بووە کە خۆیان ئەو کارە ئەنجام بدەن، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە بە ئەمەریکییەکانیان راگەیاندووە کە کێشەیان لەسەر کڕینی خواردنەکە هەیە و وەزارەت خۆی دەیەوێت ئەو کارە ئەنجامبدات و، ئەو خواردنانە دابین بکەن بۆ پێشمەرگە لەگەڵ شەریعەتی ئاینی ئیسلامدا بگونجێت.

لە لایەکی ترەوە ئیدارەی ئەمەریکا بڕیاری داوە دوو ملیار دۆلار تەرخان بکات بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی بۆ سووپای عێراق، بەپێی زانیاری سەرچاوەکەی سپی لەو بڕە پارەیە، ٣٤٠ سێ سەد چل ملیۆن دۆلاری تەرخان دەکرێت بۆ چەک کڕین بۆ هێزی پێشمەرگەو ئەمەریکیەکان خۆیان بەو کارە هەڵدەسن.
 



AM:11:11:21/06/2016