یەكێتی‌و پارتی، كۆمەڵەكان‌و دیموكراتەكان لە هەڕەشەی ئێران ئاگاداردەكەنەوە.. سپی زانیاریی ورد بڵاودەكاتەوە

سەبارەت شەڕ‌و پێكدادانهەكانی ئەم دواییەی نێوان پێشمەرگە‌و پاسداران لەرۆژهەڵاتی كوردستان، وەفدێكی هاوبەشی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و پارتی‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی هەریەك لە دیموكراتەكان‌و كۆمەڵەكان دەكەن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە لایەنەكانی حیزبی دیموكراتەوە بە سپی راگەیاند رۆژی پێنجشەممە 23/6، وەفدێكی هاوبەشی یەكێتی نیشتمانی، پارتی دیموكرات‌و حكومەتی هەرێم كە پێكهاتبوون لەهەریەك لە: كەریم سنجاری، مەحمود محەمەد، سەعدی ئەحمەد پیرە‌و شێخ جەعفەر مستەفا سەردانی هەریەك لە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران‌و حیزبی دیموكراتی كوردستانیان كردوە.

لەو سەردانەدا وەفدە هاوبەشەكە بە ئاماژە بە ناڕەزاییەكانی ئێران سەبارەت بە شەڕەكانی ئەم دواییەی هێزەكانی دیموكرات لەگەڵ پاسداران لەناوچەی شنۆ، داوایان لە هەردوو حیزب كردوە چالاكییەكانیان رابگرن‌و كۆتایی بەناردنەوەی پێشمەرگە‌و شەڕی چەكداریی بهێنن.
بە پێی زانیارییەكانی سپی، وەفدە هاوبەشەكەی یەكێتی‌و پارتی‌و حكومەت ئەمرۆ 25/6 سەردانی هەر سێ لایەنی: رێكخراوی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران - كۆمەڵە، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران‌و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانیان كردوە‌و ئەو پەیامەشیان بەو سێ لایەنەی كۆمەڵە گەیاندوە.

سەبارەت بە سەردانی وەفدە هاوبەشە بۆ لای دیموكرات‌و كۆمەڵەكان، سپی پەیوەندی كرد بە پەیوەندییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانەوە، بەڵام ئامادە نەبوون لێدوان بدەن.

لەماوەی رابردوو لەناوچەی شنۆ لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەئەنجامی شەڕێكی نێوان هێزەكانی دیموكرات‌و و پاسداران ژمارەیەك پاسدار كوژران‌و برینداربوون‌و 6 پێشمەرگەی دیموكراتیش شەهید بوون. بەدوای ئەوەش پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی ئێران توشی بارگرژیی بووە.

هەروەها دوێنێش لەناوچە مەهاباد‌و مەریوان شەڕ‌و پێكدادان لەنێوان حیزبی دیموكرات‌و پاسداران روویدا كە تێیدا ژمارەیەك پاسدار كوژران‌و برینداربوون‌و پێشمەرگەیەكیش شەهید بوو.



PM:02:55:25/06/2016