بە ڤیدیۆ .." بردنە دەرەوەی پارەکانی هەرێم لەلایەن بەرپرسانەوە ئاشکرا بوو"

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان بڕی ئەو پارەی نەوتەی براوەتە دەرەوەو، چۆنێتی بردنە دەرەوەی ئاشکرا دەکات.

عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەلایف زانیاری مەترسیداری لەسەر بردنە دەرەوەی پارەی نەوت ئاشکرا کرد.

ئەو پەرلەمانتارە لە پێشەکی قسەکانیدا وتی" شەرمەزاریی و خەجاڵەتیەکی گەورەیە بۆ ئەو دەسەڵاتە خاوەنی نەوت و گازەو، کەم ئەندام پارەی جەژنیان نییە".

ناوبراو ئاشکرایکرد" سێ رێگای بۆ پارە بردنە دەرەوە هەیە، فڕۆکەخانەکان، خاڵە سنوریەکان، بانکەکان".

ئەو دەڵێت "لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە تا ٢٠١٤ داهاتی نەوت ٥٥١ ملیار دۆلار بووە، ٣١٢ ملیار دۆلاری براوەتە دەرەوە لەرێگای بانکی ناوەندیەوە وتویانە کاڵا دەکڕین و زۆریشیان نەهێناوە".

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عەلی حەمە ساڵح دەڵێت" لەسەرەتای بەرهەمهێنانی پرۆسەی نەوتەوە تا کۆتایی ٢٠١٥، پارەی نەوت دزرا، دزرا، دزرا".

ئەو ئەندام پەرلەمانەی گۆڕان دەڵێت" تا کۆتایی ٢٠١٣ داهاتی نەوت ٩ ملیار و ٧١٤ ملیۆن دۆلار بووە، پارەکە لەبانکی کوردستانی ئەهلی مەحسوب لەسەر پارتی دانراوە".

عەلی حەمە ساڵح دەڵێت" لە ساڵی ٢٠١٤ ەدا کە ئێمە لەحکومەتدا بووین، داهاتی نەوت ٤ ملیار دۆلار بووە، لەو بڕە ١ ملیاری بۆ پاڵپشتی حکومەت دانراوە، باقیەکەی لە بانکی کوردستانە، یەک وەزیر لەو ١٥ وەزیرەی گۆڕان و یەکێتی و ئیسلامییەکان نەیانووتووە بۆ ئەو پارەیە لەوێ بێت".

هەروەها دەڵێت" پارەی بەرهەمە نەوتییەکان ١ ملیارو ٤٥٢ ملیۆن دۆلار بووە، چۆتە بانکی کوردستان، پارەی بۆری نەوت ٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بووە، چۆتە بانکی کوردستان، بە چ هەقێک بچێتە بانکی کوردستان، هەر ١٥ وەزیرەکەی لایەنەکانی دەرەوەی پارتی بە گۆڕانیشەوە نەیانوتووە بۆ بچێتە بانکی کوردستان".


 



AM:02:37:02/07/2016